به‌همه‌ن كاكه‌یی: هونه‌ر و كه‌لتوور ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ و شاده‌ماری شۆڕشن

سەلمان عوسمان

گه‌رمیان لانکەی مه‌قاماتە کە بە بنچینەی هونەرەکان دادەنرێت، ئه‌و هونه‌رانه‌ چه‌ندین ساڵه‌ پارێزگاری له‌ شوناسی كورد ده‌كه‌ن و وابەستەی شۆڕش و ڕاستینەی گەلن، به‌همه‌ن كاكه‌یی، هونه‌رمه‌ند و مه‌قامبێژ ده‌ڵێت: ده‌بێت هونه‌ری كوردی به‌هێز بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌ری بێگانه‌ شوێنی نه‌گرێته‌وه‌، دەشڵێت: هونه‌ر و كه‌لتوور ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ و شاده‌ماری شۆڕشن.

به‌همه‌ن كاكه‌یی، هونه‌رمه‌ند و مه‌قامبێژی گەرمیانی، لەبارەی گرنگی هونەر و بەتایبەت مەقامات کە بە بنچینەی هونەرەکان دادەنرێت و ڕۆڵیان لە پاراستنی شوناس و کەلتووری کوردیی و ئاوێتەبوونیان لەگەڵ شۆڕشە نەتەوەییەکان، وەک چەکی بەرگریی، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

به‌همه‌ن كاكه‌یی وتی: گه‌رمیان لانكه‌ی مه‌قامات و هونه‌ری ڕه‌سه‌نه‌، له‌ شارۆچكه‌ی كفری كەلتووریی كورده‌واریی و مه‌قامات گه‌شه‌ی كردووه‌، ئه‌و مه‌قامانه‌ی كه‌ تایبه‌تن به‌ ناوچه‌ی گه‌رمیان به‌ شێوەیه‌كی گشتی هه‌ڵقوڵاویی ئاینی یارسانن‌، ٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا نیوه‌ی دانشتووانی شارۆچكه‌ی كفری كاكه‌یی بوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی عوسمانییه‌كان كاكه‌ییه‌كان چه‌وسێنراوه‌ته‌وه‌ و ڕاگوێزراون له‌ كفری، به‌ڵام تا ئێستاش ئاسه‌واریان ماوه‌ته‌وه‌ وه‌ك باوه‌شاسوار كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ باوه‌كانی كاكه‌یی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هونه‌ر ڕه‌گ و ڕیشه‌ی له‌ ناخی هه‌رشوێنێك داكوتا كاردانه‌وه‌ی بۆ سه‌دان ساڵ ده‌مێنێت، بۆ نموونه‌ هونه‌ر توانیوێتی كه‌لتوور، زمان و ئه‌ده‌بی كوردی بپارێزێت، هونه‌ر و هۆنراوه‌ی كلاسیكی وایكردووه‌ زمانی كوردی بمێنێته‌وه‌، هه‌ركاتێك نه‌ته‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی داگیركاریی ده‌بێته‌وه‌، داگیركه‌ر هه‌وڵده‌دات ڕه‌گ و ڕیشه‌ی له‌ ناو ببات، به‌ڵام هونه‌ر و كەلتوور هیچ كات بۆ داگیركه‌ر له‌ناو ناچێت.

له‌باره‌ی داگیركاریی سه‌ر هونه‌ر و كه‌لتووریی كوردی به‌همه‌ن كاكه‌یی وتی: په‌یامم هه‌یه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی، هه‌روه‌ها له‌ هونه‌رمه‌ندانی كورد چالاكی خۆیان له‌‌ كوردستان ئه‌نجام بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م داگیركارییه‌ كه‌لتوورییه‌ نه‌مێنێت، ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندان و شانۆكاران نه‌توانن دراما و شانۆی كوردی به‌ هێز پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌وا هونه‌ری بێگانه‌ شوێنی ده‌گرێته‌وه‌.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا هونه‌ر تاچه‌ند وابه‌سته‌ی شۆڕشه‌ وتی: له‌ شۆڕشه‌كاندا هونه‌ر خۆی به‌ ته‌نها ئه‌وه‌نه‌ی شۆڕشه‌كه‌ ده‌وری هه‌بووه‌، سرووده‌كانی (حه‌مه‌ جه‌زا و ناسری ڕه‌زازی) هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی سه‌دان گه‌نجی به‌رز ده‌كرده‌وه‌، شۆڕش به‌ بێ هونه‌ر وه‌ك دار و بێستانێكه‌ ئاوی لێببڕی، بۆیه‌ هونه‌ر شاده‌ماری هه‌موو شۆڕشه‌كانه‌.

ب.گ

Comments are closed.