هونه‌رمه‌ندان: سینەمای تورکی هەوڵی ناشرینکردنی کورد دەدات

سەلمان عوسمان

هونەرمەندانی گەرمیان ڕەخنە لە پەخشکردنی دراما تورکییەکان دەگرن و دەڵێن: دراما توركییه‌كان هەوڵی ناشرینکردنی کورد و بەلاڕێدابردنی دەدەن و كورد به‌ تیرۆریست داده‌نێن، ئیتر چۆن ده‌بێت له‌ كه‌ناڵی كوردی په‌خش بكرێن، لە دژی ئەم هێرشەش داوای بەهێزکردنی سینەمای کوردی دەکەن.

لەبارەی هێرشی کەلتووریی و شەڕی تایبەت و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە ڕێگەی سینەماوە، بەشێک لە هونەرمەندانی سنووری ئیدارەی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

دنیا ئه‌حمه‌د
دنیا ئه‌حمه‌د

دنیا ئه‌حمه‌د، مامۆستای بەشی هونه‌ر له‌باره‌ی كاریگه‌ریی هونەر و دراما توركییه‌كان له‌سه‌ر کۆمەڵگا وتی: بوونی دراما توركییه‌كان جگه‌ له‌وه‌ی زیان به‌ هونه‌ری كوردی ده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ كه‌لتووری كوردیش ناگونجێت، ڕه‌نگه‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ كه‌لتووری توركیا بگونجێت، ده‌بێت به‌ جۆرێك كار لە دراما بكه‌ین، كه‌‌ له‌گه‌ڵ كه‌لتووری كۆمه‌ڵگاكه‌مان ‌گونجاو بێت و هاندانی تێدا بێت بۆ یه‌كسانی ڕه‌گه‌زی، دراما تورکییەکان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر منداڵیش ده‌بێت،  له‌سه‌ر هزری منداڵ کاریگەریی درووست ده‌كات‌ و ئاڕاسته‌ی كه‌لتوور و نەریتی ده‌گۆڕێت.

له‌ كۆتایشدا جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی هونەریی کوردی کردەوە و وتی: هونه‌ر گرنگه‌ و ناسنامه‌ی هه‌ر كۆمه‌ڵگا‌یه‌كه، له‌ ڕێگه‌ی هونه‌ره‌وه‌ ده‌توانین ئاشنا ببین به‌ مێژوو و شوناسمان.

هونه‌ر حه‌سه‌ن
هونه‌ر حه‌سه‌ن

هه‌روه‌ها هونه‌ر حه‌سه‌ن، هونه‌رمه‌ند لەمبارەیەوە وتی: دراما دۆبلاژكراوه‌ توركییه‌كان له‌گه‌ڵ كه‌لتووری كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ ناگونجێن، من چه‌ند جارێك پێشنیارم كردووه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی خه‌رج ده‌كرێـت بۆ دۆبلاژكردنی دراماكان، ده‌توانن درامایه‌كی كوردی و پوختی جوانی پێ بكرێت.

وتیشی: له‌ درامای توركی و فارسی هه‌وڵی ناشرینكردنی كورد ده‌ده‌ن، له‌ دراما توركییه‌كان ئه‌و كه‌سه‌ی ئاژاوه‌گێڕه‌ و تیرورسته‌ كورده‌، ئیتر چۆن ده‌بێت ئێمه‌ وه‌ریبگێڕین كه‌ كورد به‌ تیرۆریست ناو ده‌بات، ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ و كه‌ناڵه‌كان یان نازانن و به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕیوه‌ یاخود خۆیان گێل ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت هاوكاری هونه‌رمه‌ند بكه‌ن، ده‌توانن كاری هونه‌ریی باش بكه‌ن، كه‌ سودی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌مووان هەبێت.

ب.گ

Comments are closed.