چالاکوانێکی ژن جۆر و پاڵنەرەکانی توندوتیژیی سەر ژنان ئاشکرا دەکات

چەمچەماڵ

لە زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستان ڕێگرییکردن لە کارکردنی ژنان بەردەوامی هەیە و هاوسەرگیریی پێشوەختەش ڕووی لە زیادبوونە، چالاکوانێکی ژنیش دەڵێت: ڕێگرییکردنی خێزانەکان، هۆکارێکە بۆ زیادبوونی هاوسەرگیریی پێشوەختە و توندوتیژیی سەر ژنان.

لەبارەی جۆر و پاڵنەرەکانی توندوتیژیی سەر ژنان لەناو کۆمەڵگادا، ئەسما عەبدولڕەزاق فەخرەدین مامۆستا و چالاکوان، لە شارەدێی تەکیەی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئەسما عەبدولڕەزاق
ئەسما عەبدولڕەزاق

ئەسما عەبدولڕەزاق وتەکانی بەوە دەست پێ کرد، کە ئەوان وەک مامۆستا، بەردەوام لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئاستی هۆشیاری ژنان بەرزبکەنەوە و ئاشنایان بکەن بە ڕۆڵ و کاریگەرییان لە کۆمەڵگەدا.

ئاماژەی بەوەش کرد ئەو وەک ژنێک لە سەرەتای دەستپێکی کارکردنیدا، بەهۆی ژینگە و نەریتی ئەو ناوچە و کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژیا، ڕووبەڕووی ڕێگریی و ئاستەنگ بووەتەوە، بەڵام لە ئەنجامی بەردەوامیی و کۆڵنەدان و پشتیوانیکردنی لەلایەن خێزانەکەیەوە توانیویەتی بەسەریاندا زاڵ بێت و ئێستا وەک مامۆستای وانەبێژ لە یەکێک لە خوێندنگەکانی سنووری شارەدێی ئاغجەلەر کار دەکات.

لەبارەی توندوتیژیی و جۆرەکانییەوە ئەسما وتی: توندوتیژیی تەنها ئەشکەنجەی جەستەیی نییە، بەڵکوو جۆر و شێوازی زۆرە، جا لێدان بێت، قسەی نەشیاو یان ئازاردانی دەروونی ژن بێت، ئەوەش پەیوەندی بە پەروەردە و بیروباوەڕی ئەو کەسەوەیە کە توندوتیژییەکە ئەنجام دەدات، نە ئایین نە ئاستی زانستیی هۆکارێک نین بۆ ئەوەی کەسێک توندوتیژ بێت یاخود نا.

ئەسما لە درێژەی وتەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت لە شوێنی کاردا و وتی: لە ژینگەی کاردا توندوتیژییەکان جیاوازن، ڕەنگە بە هەڵسوکەت و مامەڵەیەکی ناخۆش بێت، یان لە ڕێگەی هەڵاواردن بێت لە نێوان کارمەندەکان لە ڕووی ئەرک و مافەوە، بە پێویستی زانی کە ژنان ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتنیان هێندە بەهێزبێت، کە بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە توندوتیژییانە بکەن و ڕووبەڕووی ببنەوە.

ئەسما ئەبدولڕەزاق، باسی لەوەش کرد کە لەم ساڵانەی دواییدا هاوسەرگیریی پێشوەختە زیادی کردووە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ دایک و باوک و پەروەردەی خێزانەکان، کە لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیریی بە منداڵە کچەکانیان دەکەن و هانی نادەن بۆ ئەوەی بخوێنێت و ببێتە خاوەن بڕوانامە و کاری خۆیان، تا لە داهاتووشدا، کە ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێنا پارێزراو بێت لە توندوتیژیی و بتوانێت مامەڵە لەگەڵ کێشەکانیدا بکات.

ڕەخنەی لە کاری بەشێک لە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان گرت و وتی: بەپێی پێویست کاریگەر نین لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییەکاندا، نابێت هەر بە ژنان بڵێن بچنە دەرەوە کار بکەن و ببنە خاوەن ئابووریی سەربەخۆ، دەبێت سەرەتا کار لەسەر ئەوە بکەن چۆن ئەو ژنە ئامادە دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو توندوتیژیانەی لەنێو ماڵ و شوێنی کاریشدا بەرامبەری ئەنجام دەدەرێت.

لە کۆتاییدا وتی: من هەمیشە یەک قسەم هەیە بۆ ژنان، ئەویش ئەوەیە بە مانای ڕاستەقینە بەهێز بن و توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان هەبێت، هەرگیز کۆڵنەدەن و بەردەوامبن لە تێکۆشان، خۆیان خۆشبوێت و خاوەن خودی خۆیان بن، بەوەش دەتوانن هەموو ئەو ئامانجانەی هەیانە لە ژیاندا بەدەستی بهێنن.

ش. ئـ

Comments are closed.