لە هەڵەبجە نزیکەى ساڵێکە هیچ توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان نەکراوە

هەڵەبجە

بەپێی داتا و ئامارەکان لە ١١ مانگی ڕابردوودا لە پارێزگای هەڵەبجە، هیچ حاڵەتێکی کوشتنی ژنان لە سنوورەکەدا نەبووە، ئەمە لە کاتێکدایە چالاکوانان نیگەرانن لەوەی جێیەک نییە ژنان سکاڵای تێدا تۆمار بکەن.

ئەمڕۆ، لە زانکۆی هەڵەبجە، دەستەی خانمانی هەڵەبجە، لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان، پانێڵێکیان ئەنجامدا و تێیدا باس لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم ژنان لە پارێزگاکەدا کرا، بە ئامانجی زیاتر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان.

شارا عەبدولکەریم
شارا عەبدولکەریم

شارا عەبدولکەریم بەرپرسی لقی یەکێتی ژنانی کوردستان و بەشدار لە پانێڵەکە بە ڕۆژنیوزی وت: ئەمڕۆ لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئەم پانێڵەمان ئەنجامداوە، ئامانجمان خستنەڕووی کێشە و گرفتەکانی ژنانە بە شێوەیەکی گشتی، ڕێگا چارەسەرکردنی کێشەکانیان بۆ ئەوەی ساڵی ئایندە بتوانین بە چالاکییەکانمان ئامارەکانی توندوتیژیی نزیک بکەینەوە لە سفر.

شارا عەبدولکەریم ڕاشیگەیاند، لەگەڵ ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کێشە و گرفتەکانی سەر ژنان و خێزان زیادیان کردووە، لەبەر ئەوەی خێزان توشی داڕمانی ئابووریی دەبێت کێشەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن، پێویستە هەرچی زووە حکومەت هەلی کاری یەکسان بۆ هەردوو ڕەگەز وەک یەک بڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی ژنان ببنە خاوەن داهاتی سەربەخۆی خۆیان، لە ئێستاشدا بەشێک لە ژنان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕووبەڕووی تووندوتیژیی دەبنەوە، گرنگە چاودێری چڕی ئەو تۆڕانە بکرێن، بۆ ئەوەی کەسێک نەتوانێت بێتە مەترسیی و هەڕەشە بۆ ژیانی کەسێکی دیکە.

سەرچنار ئەحمەد
سەرچنار ئەحمەد

لەلایەکی دیکەوە سەرچنار ئەحمەد پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمان، کە بەشداربووی پانێڵەکە بوو بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لەم پانێڵەدا هەڵسەنگاندم کرد بۆ توندوتیژیی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، بەپێی ئامارەکان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی هەرێـمی کوردستان، ژینگەی هەڵەبجە، ژینگەیەکی ناتوندوتیژە بەرامبەر بە ژنان، ئەوەش مایەی دڵخۆشییە.

سەرچنار زیاتر وتی: لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٢ بەپێی ئامارەکان ڕێژەی توندوتیژییەکان نەگەیشتووەتە سەدا یەک بەڵکوو توندوتیژییەکان پۆینت بووە، ئەوەش پێمان دەڵێت هەڵەبجە ناوچەیەکی ئارامە بۆ ژنان، بەڵام نابێت پشتێنی لێ بکەینەوە، گرنگی نەدەین بەو داتاو ئامارانە، بەڵکوو پێویستە لەسەرمان چۆن گرنگی بدەین بەو ژینگەیە و لە باشەوە بیبەین بۆ باشتر.

ئەم ئامار و وتانە لە کاتێکدایە چالاکوانانی ئەو شارە بەردەوام نیگەرانی دەردەبڕن بەرامبەر نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، کە هۆکارێکە بۆ تۆمارنەکردنی سکاڵاکانی توندوتیژیی و ونبوونی ڕووداوەکان.

هاوکات لە ماوەکانی ڕابردوودا ھێرۆ وەکیل، بەرپرسی بەشی ژنان لە ڕێکخراوی نوێ لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ڕۆژنیوزی وت: ھەموو ساڵ و ڕۆژێک وتومانە، ھەڵەبجە ھیچ بەڕێوەبەرایەتییەکی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنانی تێدا نییە، بۆ ئەوەی ئەو ژنانەی توندوتیژییەکانیان بەرامبەر دەکرێت بچن لەوێ سکاڵا تۆمار بکەن، ھیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر ڕێژەکانی توندوتیژی نییە، ئەو ئامارانەشی ھەیە لە شارەکەدا ئەوە نییە بتوانیت کاریان لەسەر بکەیت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ھەڵەبجە توندوتیژییەکانی بەرامبەر ژنان بەراورد بە ناوچەکانی دیکە کەمترە، ئەوەش بۆ بەھێزی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانە دەگەڕێتەوە کە لە شارەکەدا ھەیە، بۆیە بەشێکی زۆری ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت ناتوانن سکاڵا تۆمار بکەن.

ب. هـ

Comments are closed.