لە چاوپێكەوتنێكدا ئەندامێكی خانەوادەكەی باس لە تیرۆركردنی جیهان تەها دەكات

شایی ئارام

لە بێ دەنگی دەسەڵات و لایەنە پەیوەندییدارەکاندا، گومانەکان لەسەر ڕووداوی گیانلەدەستدانی مامۆستای وانەبێژ و ناڕازیی، جیهان تەها تا دێت زیاتر دەبێت و کەسانی نزیک لە مامۆستا جیهان جەخت دەکەنەوە، ئەگەر وەڵامیان نەدرێتەوە دۆسییەکەی بە نێودەوڵەتی دەکەن.

چەند ڕۆژێکی کەم ماوە، کە ٤٠ ڕۆژ تێپەڕێت بەسەر ڕووداوە گوماناوییەکەی گوندی (هڤنکا) لە شارەدێی بلێ-ی سنووری شارۆچکەی مێرگەسوور، کە ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و پاشان گری گرت، لە ئەنجامدا مامۆستای وانەبێژ جیهان تەهای تەمەن ٣٥ ساڵان کۆتایی بە ژیانی هات، لەم ماوەیەدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گومانەکان لەسەر ئەو ڕووداوە زیاتر دەبن و خانەوادەکەشی چەندین جار داوای ڕوونکردنەوەیان لە دەسەڵاتی ئەو سنوورە و لایەنە پەیوەندییدارەکان کردووە، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ “پەری تاهیر”، پورزا و لە هەمان کاتیشدا براژنی مامۆستا جیهان، هیچ وەڵام و بەڵگەیەک نەخراوەتە ڕوو.

پەری تاهیر، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، دەربارەی ژیان و کەسایەتی مامۆستا جیهان، گومانەکانیان بەرامبەر ڕووداوەکە و هۆکاری بە ئامانجگرتنی ژنێکی مامۆستای وانەبێژ چەند ڕوونکردنەوەیەکی دا.

لە سەرەتای گفتوگۆکەماندا لەگەڵ “پەری تاهیر” لەبارەی ژیان و کەسایەتی مامۆستا جیهان قسەی کرد و وتی: مامۆستا جیهان ژنێکی بە توانا و لێهاتوو بوو، شاعیر و نووسەرێکی لێزان بوو، هەمیشە بۆ خۆی و چواردەورەکەشی مایەی هیوا و بەخشینەوەی خۆشەویستی بوو، ژنێک بوو لە هەر بوارێکدا کاری بکردایە و دەستی بدایەتە هەر بوارێک بەوپەڕی دڵسۆزیی و تواناوە هەوڵی ئەنجامدانی دەدا.

دواتر پەری باسی لە ڕۆژی ڕووداوەکە کرد و وتی: ئەو ڕۆژە وەک هەر ڕۆژەکانی دیکە تا کاتژمێر ٠٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لە خوێندنگە بووە، دواتر چەند کارێکی تایبەتی هەبووە هەمووی بە باشی بەجێ گەیاندووە و ڕۆژێکی زۆر ئاسایی تێپەڕاندووە، بۆیە گومانمان هەیە هیچ کەسێک ناکرێت لە چرکە ساتێکدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە ژیانی بدات بە تایبەت مامۆستا جیهان کەسێکی پڕ لە وزە و هیوا بووە و ئەو خۆی هانی ژنان و کچانی داوە کە بخوێنن و تێبکۆشن.

ئەو ئەندامەی خێزانی مامۆستا جیهان، تیشکی خستە سەر ئەوەی ئەو گومانانەی هەیانە بەهۆی بێ دەنگیی و وەڵامنەدانەوەیان زیاتر و زیاتر دەبنە ڕاست، بۆیە بەردەوام دەبن و کەیسەکەی مامۆستا جیهان تەها دەکەنە نێودەوڵەتی.

لە وەڵامی ئەو پرسەی بۆچی مامۆستا جیهان بە ئامانج بگیرێت و تیرۆر بکرێت وتی: مامۆستا جیهان دەنگێکی ئازاد و دلێر بوو دژی ئەو ستەمەی بەرامبەر مامۆستایانی وانەبێژ و مووچەخۆران دەکرا، دۆخی ژیانی تایبەتی مامۆستا جیهان بە هەل زاندرا بۆ ئەوەی تیرۆر بڵاوبکەنەوە و کەسانی دیکەی پێ بێدەنگ بکەن.

وتیشی: هەمووانیش دەزانن چەندین حاڵەتی تیرۆرکردن هەبوون بە تایبەت لە سنووری هەلێر و بادینان و نموونەی (سەردەشت عوسمان و وەدات حسێن).

جیا لەوانەش ئاماژەی بە هۆکارێک کرد وای لێکردوون هیچ گومانێکیان بەرامبەر ئەوە نەمێنێت ڕووداوێکی کوشتن و تیرۆرە، ئەویش کات و شوێنی ڕووداوەکە و دواتر سووتانی ئۆتۆمبێلەکەیە.

دووپاتی کردەوە ئەوان وەک بنەماڵەی مامۆستا جیهان تەها، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ سەلماندنی ئەو تاوانە و هیچ شتێک نییە ساردیان بکاتەوە و وتی: هەر کاتێک بەڵگەیەک خرایە ڕوو و خەڵکی کوردستان باوەڕی پێ کردن ئەوا ئەگەری هەیە ئێمەش باوەڕ بەو بەڵگەیە بکەین، بەڵام هیچ کام لە سیاسەتی چەواشەکارانە و سیناریۆ دووبارەکانی دەسەڵات وامان لێ ناکات بێ دەنگ بین و لە داواکردنی دادپەروەری بۆ مامۆستا جیهان ڕابووەستین.

بـ، هـ

Comments are closed.