شاندی ژنانی باکووری کوردستان سەردانی ژنانی حزبی شیوعی کرد

سلێمانی

شاندێک لە ژنانی باکووری کوردستان، کە پێکدێن لە چەند ئەندام پەرلەمانێکی هەدەپ و ڕێکخراوی ژنان، سەردانی ژنانی حزبی شیوعیی کرد، باسیان لە بەرەو پێشنەچوونی ژنان کرد بەهۆی حزبە سیاسییەکانەوە.

ئەمڕۆ، شاندێکی ژنانی باکووری کورستان، کە پێکدێت لە چەند ئەندام پەرلەمانێکى هەدەپ و ڕێکخراوێکی ژنان، لە درێژەی سەردانەکەیاندا، لە شاری سلێمانی سەردانی ژنانی حزبی شیوعییان کرد و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

شاندەکەى باکوورى کوردستان پێکدێت لە هەریەک (سەباحەت ئەردۆغان، ئەندام پەرلەمان لە شاری سێرت، عەدالەت فیدان، هاوسەرۆکی شارەوانی سلۆپی، گوڵبەهار گوزەل، بەرپرسی ڕێکخراوی ژن، نەسلیهان ئاجەر، ئەندامی کۆنگرەی گەلی دیموکرات، گوڵبەهار ئاڵپ سۆی، ئەندامی ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە).

لە دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ناوەڕۆکی سەردانەکەیان ئاشکرا کرد و ڕایانگەیاند، سەردانەکەمان لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنانە کە لە جیهاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان دەکرێت، چۆنییەتی تێکۆشان بۆ بنبڕکردنی ئەو توندوتیژییانە.

هەروەها ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەزموونی هەردوو پارچەی کوردستانمان باس کرد و هەوڵ دەدەین لە داهاتووەدا پێکەوە کار بکەین، تا دەگەین بە ئازادیی ژنان و دروستبوونی یەکێتی ژنان لە هەرچوار پارچەی کوردستان.

شاندی ژنانی باکووری کوردستان، کە لە چەند ئەندام پەرلەمانێکی هەدەپ و ڕێکخراوێکی ژنان پێکدێت، ماوەی چەند ڕۆژێكە لە شاری سلێمانی سەردانی هەریەک لە پارێزگاری سلێمانی، یەکێتی ژنانی کوردستان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و شاناز ئیبراهیم، ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان و ژنانی زەحمەتکێشان کردووە.

هـ.ح

Comments are closed.