ناوەندی هەواڵەکان
وتەبێژی سەربازیی حووسییەکان بەرپرسیارییەتى خۆی لە هێرشی سەر دوو کەشتى لە دەریای سوور ڕاگەیاند کە هەردوو بەوتەى ئەو هەردوو کەشتییەکەى هی ئیسرائیل بوون، هۆشداریش دەدات لە نزیکبوونەوەى هەر کەشتییەکى ئەو وڵاتە لە سنوورە ئاوییەکانى عەرەب تا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوو کەشتیی سەربازیی ئیسرائیلییان گەرووی بابولمەندەب کردوەتە ئامانج.
ئاماژەى بەوەشکردوە، کەشتەییەکان کە ناویان یونیتی ئێکسپلۆرەر و نەمبەر بووە لە بابولمەندەب لە دەریای سوور کردوونەتە ئامانج و هەردوو هێرشەکە بە مووشەک و فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان ئەنجام دراون.
وتەبێژەکەی حووسییەکان هۆشدارییان داوەتە هەردوو کەشتییەکە، بەڵام ئەوان گوێیان بە هۆشدارییەکە نەداوە، بۆیە بۆردوومانیان کردوە.
هەروەها بەرپرسەکەى حووسیەکان جەختیکردەوە، هەر کەشتیێکی ئیسرائیلی یان ئەمریکی ببینن بێ دوو دڵی هێرشی دەکەنە سەری، بۆیە هۆشداری دەدەن هیچ کەشتیەکى ئەو دوو وڵاتە لە دەریای عەرەبی نزیک نەبنەوە.
وتەبێژی حووسییەکان ڕاشیگەیاند، تا ئەو کاتەى هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوام بێت، هەموو بەرژەوەندییەکانى ئیسرائیل لەناوچەکە دەکەنە ئامانج.
لەلایەکى دیکەوە ئەمڕۆ وەزارەتى بەرگری ئەمریکا- پێنتاگۆن ڕایگەیاند، زانیارییان لەبەر دەستە سەبارەت بە کردنە ئامانجی ئەو دوو کەشتییە، کە کەشتى جەنگی بوون و ئەمریکا بەرەو ناوچەکە جوڵەى پێکردوون بەمەبەستى پاراستنى ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لەناوچەکە.
هـ.ح
Comments are closed.