کاوە گەرمیانی..شەهیدی قەڵەم و وتنی ڕاستیی

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ ١٠ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی-دا، یەکێک لە شەهیدانی قەڵەم کە لە پێناو وتن و گەیاندنی ڕاستییەکان و ڕەخنەگرتن و ئاشکراکردنی کەیسی گەندەڵی و نا دادیی و تاڵان و بڕۆی دەسەڵاتدارە بازرگانەکان، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا و لە باوەشی دایکیدا تیرۆر کرا.

لە ١٠مین ساڵەی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی-دا، کەیسەکەی ئەو و سەرجەم شەهیدانی قەڵەم لە دادگاکاندا داخراوە، فشار و سەرکوتکارییەکانی دەسەڵات لە دوێنێ زەقترە و دادگاکانیان کردووە بە مەیدانی تۆڵەسەندنەوەی سیاسیی لە ڕۆژنامەنووسان و ئازادییخوازان، ئەمڕۆ هەریەک لە ڕۆژنامەنووسان (سلێمان ئەحمەد، شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و قارەمان شوکری) لە کونجی زیندان قایم کراون، تەنها لەسەر وتنی ڕاستی.

کاوە گەرمیانی کێیە؟

 ئەحمەد محەمەد، ناسراو بە کاوە گەرمیانی، ساڵی ١٩٧٩ لە ئاوارەییدا لە شاری ڕەشتی ئێران لەدایکبووە، ساڵی ۱۹۸٤ لە شارۆچکەی کەلار خراوەتە بەر خوێندن و تا پۆلی دووی ناوەندی خوێندووە، پاش ئەوەی باوکی ئەنفال کراوە، بەهۆی هەژارییەوە و بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی، وازی لە خوێندن هێناوە و دەستی بە کرێکاری کردووە.

سەرەتاکانی کاری ڕۆژنامەنووسیی کاوە گەرمیانی، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٢ کە بە وێنەگریی دەستی پێ کرد، پاشان دەستی بە نووسینی ڕاپۆرت و بابەت بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکان کردووە، ساڵی ۲۰۰۷ بووەتە پەیامنێری هەردوو ڕۆژنامە و سایتی (ئاوێنە و ڕادیۆی ئازادیی)، دواتریش کاری پەیامنێری بۆ هەریەکە لە ڕۆژنامەی (کوردستان ڕاپۆرت و ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان) کردووە، دواتریش بووە بە پەیامنێری ڕۆژنامەی (گەرمیانی ئەمڕۆ).

لە نیسانی ساڵی ۲۰۱۲ـدا، کاوە گەرمیانی دەبێتە سەرنووسەری گۆڤاری گەڕان، دواتریش لە ١٠ـی ئەیلولی ۲۰۱۲ گۆڤاری (ڕایەڵ)ـی دەرکردووە، کە خۆی سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی گۆڤارەکە بووە و بە چڕیی کاری لەسەر دۆسییەی گەندەڵی بەرپرسانی سنووری گەرمیان کردووە، تا ساتی تیرۆرکردنیشی، بەردەوامبووە لەسەر بڵاوکردنەوەی گۆڤارەکە و کۆتا ژمارەی گۆڤاری ڕایەڵ بەر لە تیرۆرکردنی ژمارە (۱٤) بووە.

گەرمیانی، لە کارە ڕۆژنامەوانییەکانییدا، بنکۆڵکاریی بۆ دۆسییە گەندەڵییەکان کردووە، لە ئەنجامی ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە ڕۆژنامەوانییەکانیشیدا، لە ساڵی ۲۰۱۱ کتێبێکی لەژێر ناونیشانی “گەرمیان لەنێو بەڵگەنامە ڕەشەکاندا” بڵاوکردووەتەوە.

لەسەر کارە ڕۆژنامەنووسییەکانی، چەندین جار ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن و لێدان و گرتن بووەتەوە، تا دواجار لە شەوی ٥ـی ١٢ـی ٢٠١٣ کاوە لەبەردەم ماڵەکەیدا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و تیرۆر کرا.

بە بڕیاری دادوەر، کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە سزای هەتاهەتایی بۆ دەرکرا و تۆمەتبارەکانی دیکەش بەهۆی نەبوونی بەڵگە لە دژیان، بە بڕیاری دادوەر ئازاد کران، دواتریش بە بڕیاری دادوەر کەیسی تیرۆرکردنەکەی داخرا.

بەڵام لای ئازادییخوازان و کەسوکاری کاوە گەرمیانی، کەیسەکەی بە کراوەیی ماوەتەوە و داوای ئاشکرا کردنی دەستی پشت تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی دەکەن.

ب.گ

Comments are closed.