لە دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان لە ئامەد ئێشکگریی دەستی پێ کرد

ناوەندى هەواڵەکان

کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان لە ئامەد لە دژی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی بە چالاکی ئێشکگریی دادپەروەری کرد و ڕایانگەیاند، داوا دەکەین ڕای گشتیی زیاتر لەسەر گۆشەگیریى ڕێبەر ئۆجالان و زیندانیان هەستیار بێت، دەشڵێن، هۆکار و سەرچاوەی سەرجەم بنبەست و چەقبەستووییەکانی ئێستا، گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالانە.

زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لەپێناو دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵگرتنی گۆشەگیریی، لە ٢٧ی تشرینی دووەمى ئەمساڵەوە دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە و لە ئێستادا چالاکییەکە لە هەشتەم رۆژیدا بەردەوامە و ئەمڕۆش کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان – توئای-دەر، بە مەبەستی پاڵپشتی لە زیندانیانی مانگرتوو دەستی بە “ئێشکگریی دادپەروەری” کرد.

چالاکی ئێشکگریی بە درووشمی “لەپێناو دادپەروەریدا گۆشەگیریی تێکدەشکێنین، بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی دەبینە دەنگی زیندانیان” دەستی پێ کرد و سەبارەت بە ئێشکگرییەکە لە ناوەندی توئای-دەر لە ئامەد کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی سازکرا و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، رێکخراوە و دامەزراوە مەدەنییەکان بەشدارییان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد.

هاوسەرۆکی مەد توهاد-فەد کەرەم جانپۆڵات لە بەرامبەر ئەوەى، کە پۆلیسى تورک دەیویست ڕێگرى بکات لە چالاکییەکەیان ڕایگەیاند، لە سەرجەم لقەکانی کۆمەڵەی توهاد-فەد دەست بە ئێشکگری دەکەین و لە ئێستادا هەموومان لە گۆشەگیرییداین و ئەو دیمەنەی ئەمڕۆش بە رێگریی پۆلیس خوڵقاوە بەڵگەیە لەسەر ئەوە.

ئاماژەى بەوەش کرد، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٣٣ مانگە هیچ هەواڵێکی نازانرێت و زیندانیانی سیاسیی بۆ ئەوەی سەرنجی ڕای گشتیی بەرەو لای گۆشەگیریی ڕابکێشن دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ئەوەشى خستە ڕوو، ئێمەش دەمانەوێت لە ڕێگەى ئەم چالاکییەوە زیاتر ببینە دەنگی زیندانیان و داوا دەکەین ڕای گشتیی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە هەستیار بێت و تا مانگرتووان نەکەوتوونە دۆخی مەترسیدار و دەبێت باشتر ببینە دەنگی ئەوان.

باسى لەوەش کرد، هۆکار و سەرچاوەی سەرجەم بنبەست و چەقبەستووییەکانی ئێستا، گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالانە و بۆ نەهێشتنی ئەو دۆخە چەقبەستووە دەبێت ڕێبەر ئۆجالان بتوانێت چاوی بە پارێزەرانی بکەوێت و لەگەڵ بنەماڵەکەی کۆببێتەوە و دەنگی بگاتە ڕای گشتیی.

دەشڵێت، وتەکانی ڕێبەر ئۆجالان بۆ رای گشتیی بەنرخن و بەهەند وەردەگیرێن و ئێمە لەگەڵ رێکخراو و پارتە سیاسییەکان دەست بە ئێشکگریی دەکەین و هەموو سێ رۆژ جارێک ئێشکگران جێگۆڕکێ دەکەن و بە نۆرە ئێشکدەگرن”.

کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکە بە وتنەوەى درووشمەکانی “بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی” و “بژی بەرخودانی زیندانەکان” کۆتاییهات و پاشان دەست بە ئێشکگریی کرا.

ئ.م

Comments are closed.