کۆڕێک بە ناونیشانی “هونەری شێوەکاری هاوچەرخ” لە کەرکووک بەڕێوەچوو

کەرکووک

بە ئامادەبوونی بەشێک لە هونەرمەندان، کۆڕێک بۆ شێوەکارێکی شاری کەرکووک، بە ناونیشانی “هونەری هاوچەرخ”، لە ساڵۆنی شەقامی جمووری بەڕێوەچوو.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە ساڵۆنی شەقامی جمووری لە شاری کەرکووک، بە ئامادەبوونی بەشێک لە هونەرمەندانی شارەکە، کۆڕێک بۆ هونەرمەند و مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەکان سەنگەر قوباد بەڕێوەچوو، بە ناونیشانی “هونەری شێوەکاری هاوچەرخ” و سەرەتای کۆڕەکەش ناساندنێک بۆ هونەرمەند و ئەزموونەکانی ئەنجام درا.

سەنگەر قوباد

سەنگەر قوباد لە کۆڕەکەیدا وتی: لەم سەردەمەی ئێمەی تێیدا دەژین بە٧٠ ساڵی ڕابردوو دەوترێت هاوچەرخ، ٥٠ ساڵی ڕابردوو لە هونەری شێوەکاری مۆدێرن نەبووە، پێش ئەو سەردەمەش هەمیشە تابلۆکان وەستابوون، دواتر جووڵەیان پێدرا، یەکێک لە ئامانجەکانی هونەری هاوچەرخ ئەوە بووە، جووڵە بخاتە بەر تابلۆکان، ئامانجێکی دیکەی ئەوە بووە سنووری نێوان ژیان و هونەر هەڵبگرێت، بۆ ئەوەی چیتر هونەر بۆ دەستەبژێر نەبێت، بەڵکوو خەڵکی ئاسایی بتوانن هونەرەکان ببینن لە نزیکەوە و بەشداری پێکردنی بینەرە لە هونەر ئامانجێکی دیکەی هونەری هاوچەرخە.

قوبادی ئاماژەی زیاتری بە هونەری هاوچەرخ کرد و وتی: لە پێشانگا کلاسیکەکاندا ڕێگە نەدەدرا خەڵکی ئاسایی و هەژار بەشدار بن لە بینینی پێشانگاکاندا، بە جۆرێک بینەر لە کارە هونەرییەکانەوە دوور بوو، بەربەست لە نێوان بینەر و تابلۆکان هەبوو، بۆیان نەبوو لە نزیکەوە بیبینن، کاری هونەری و تابلۆ ئەوەندە پیرۆز بووە، ڕێگەیان نەداوە خەڵک نزیک ببنەوە، بەڵام هونەری هاوچەرخ ئەوەی گۆڕی.

سەنگەر قوباد لە شاری کەرکووک، بە تاقانە ترین هونەرمەندی شێوەکاری دادەنرێت، لە بواری هونەری هاوچەرخدا، وەکوو باسی لێوە دەکات هەمیشە کاری بۆ ئەوە کردووە، فۆرمە باوەکانی شێوەکاری تێپەڕێنێت و پەرە بە هونەری یاخیگەری بدات، پەیوەست بەو کێشانەی لە ناو کۆمەڵگەدا بوونیان هەیە.

ر.س

Comments are closed.