مانگی ڕابردوو گەزتنی سەگ و ڕووداوی هاتووچۆ لە هەولێر کەمتر بووە

ناوەندی هەواڵەکان

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر ئاماری مانگی ڕابردووی بڵاو کردەوە و ڕایدەگەیەنێت، بەراورد بە مانگی پێشووتر ڕێژەی گازگرتنی سەگ و بریندارانی ڕووداوی هاتووچۆ کەمتر بووەتەوە.

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماری مانگی ڕابردووی نەخۆشخانەکەی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەی نەخۆشخانەکەدا هاتووە، لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمدا زیاتر لە ١٢ هەزار نەخۆش سەردانی بەشی فریاکەوتنیان کردووە و چارەسەریان وەرگرتووە، جێی سەرنجە کە حاڵەتەکانی گازگرتنی سەگ و ڕووداوەکانی هاتووچۆ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر، لە مانگی ڕابردوودا، ٢٨ حاڵەتی گەزتنی سەگ تۆمار کراوە، بەڵام بە بەراورد بە مانگی پێشووتر ٦٨ حاڵەت تۆمار کراوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، مانگی ڕابردوو ١٠ کەس چارەسەریان بۆ کراوە بەهۆی پێوە دانی دووپشک و دوو حاڵەتی پێوە دانی ماریش تۆمار کراوە، بەڵام لە مانگی تشرینی یەکەمدا ٢٩ حاڵەتی پێوە دانی دووپشک و ٥٨ حاڵەتی پێوە دانی مار تۆمارکراون.

سەبارەت بە بریندارانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، لە مانگی ڕابردوودا ٢٥٧ کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە چارەسەریان وەرگرتووە، بەڵام بەراورد بە مانگی ١٠ـی ڕابردوو ٢٩٤ کەس چارەسەریان وەرگرتووە.

بەپێی ئامارەکان، لە مانگی ڕابردوودا ١٢ هەزار و ٨٩٦ کەس سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، بەڵام بەراورد بە مانگی پێشووتر ڕێژەکە بەرزتر بووە و ١٥ هەزار و ١٦٧ کەس سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.

ر.س

Comments are closed.