ترەمپ: بایدن ئەمریکای کردووە بە کۆماری مۆز

ناوەندی هەواڵەکان

ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جارێکی دیکە هێرشی توندی کردە سەر جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستای وڵاتەکەی و ڕایگەیاند، کارەکانی بایدن ئەمریکای کردووە بە کۆمارێکی مۆز.

دۆناڵد ترەمپ لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “Truth Social” نووسیویەتی، ئەمڕۆ هەموو جیهان سەیری ئەوە دەکەن، کە چۆن ئەمریکا بە هۆی کارەکانی جۆو بایدنەوە دەگۆڕێت بۆ کۆماری مۆز.

باسی لەوەش کردووە، ستراتیژی بایدن بەرامبەر بە نەیارە سیاسییەکەی توندڕەوتر و شێتانەتر بووە، هەموو جیهان تەماشای ئەمریکا دەکەن کە دەگۆڕێت بۆ کۆماری مۆز، پێویستە بایدن دەستبەرداری ئەم پلانە بێت و پێش ئەوەی درەنگ بێت وازی لێ بهێنێت.

ئاماژەی بەوەش داوە، ئاستی ئەو پشتیوانییەی کە لە نێو دەنگدەرانەوە هەمە، زیاتر و زیاتر بەرز دەبێتەوە و لە هەندێک شوێن ژمارەی پێوانەیی دەشکێنێت.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، بەبێ گوێدانە ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت یان زیندانیکردن، بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات، هەوڵ دەدات وڵات لە خلیسکان بۆ دۆزەخ ڕزگار بکات و سەرۆکایەتی ئەمریکا بەدەست بهێنێتەوە.

ر.س

Comments are closed.