کۆتایی ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی باران بارین و بەفر کوردستان دەگرێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دابارینی باران و هاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەڕاست و سوور بۆ ناوچەکە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بۆ ماوەی دوو هەفتە باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا و بە درێژایی ئەم مانگە، چەند شەپۆلێکی باران بارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئەو شارەزایە پێشبینی دەکات، ئەم مانگە بارانی زۆر باش ببارێت و لە ٦ی مانگەوە پێشبینی دەکرێت دەستپێکردنەوەی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆکانی دەریای ناوەڕاست و سوور بۆ سەر ناوچەکانمان دەست پێبکات و بە چەند قۆناغێکی یەک لەدوای یەک، کە مەودای نێوان بارانەکان نزیک دەبن لە یەک.

ڕاشیگەیاند، ئەگەر هەیە چەند شەپۆلێکی باران بارین لە نێوان ٦ـی مانگ بۆ ٢٠ـی مانگ بەرێژەی مامناوەند و زۆر باش هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، لەگەڵ بارینی بەفرێکی زۆریش لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لەدوای ناوەڕاستی مانگەوە.

وتیشی، بەگشتی پێشبینی دەکرێت ئەم مانگە باراناوی بێت و بەراورد بە مانگی ڕابردوو ژمارەی شەپۆلەکان زیاتر ببێت.

ڕوونیشی کردەوە، بۆ بەفر بارین و هاتنی شەپۆلی سەرما لە سەنتەری شارەکان و ناوچە شاخاوییە نزمەکان، بۆ ئەم مانگە تا ئێستا هیچ دیار نییە.

ر.س

Comments are closed.