پووتین لەم هەفتەیەدا سەردانی سعوودیە و ئیمارات دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

بەگوێرەی ڕۆژنامەیەکی ڕووسی دوای ڕێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی نەوت بە ڕێژەی زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، پووتین لەم هەفتەیەدا سەردانی سعوودیە و ئیمارات دەکات.

ڕۆژنامەی هەواڵی شۆتی ڕووسیا لە زاری یاریدەدەری پووتن، یوری یوشاکۆڤەوە بڵاوی کردەوە، سەرۆکی ڕووسیا لەم هەفتەیەدا سەردانی ئیمارات و عەرەبستانی سعوودیە دەکات.

سەردانەکەی پووتین لە کاتێکدایە کە گرووپی ئۆپێک پڵەسی بەرهەمهێنەرانی نەوت، کە هەریەک لە ڕووسیا و سعوودیە و ئیماراتیش دەگرێتەوە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی خۆبەخشانە کە دەکاتە نزیکەی دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

بازاڕەکان بە گومانەوە سەیری گرێبەستەکەیان کرد، چونکە گومانییان لەوە هەیە، کە ئایا کەمکردنەوە خۆبەخشانەکە بە تەواوەتی جێبەجێ دەکرێت یاخود نا، هەفتەی ڕابردوو دوای ڕاگەیاندنەکە نرخەکانی نەوت لە ٢٪ دابەزین، ڕۆژی دووشەممەش زیاتر دابەزین. نەوتی خاوی برێنت نزیکەی لە ٠.٦٪ دابەزی.

یاریدەدەری پووتین بڵاوی کردەوە، پووتین لەم هەفتەیەدا سەرەتا دەچێت بۆ ئیمارات و دواتر بۆ سعوودیە، کە لەوێ بە شێوەیەکی سەرەکی گفتوگۆکان لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودیە محەممەد بن سەلماندا دەبن.

دەشڵێت: هیوادارم ئەمانە گفتوگۆی زۆر بەسوود بن، کە ئێمە زۆر بە گرنگی دەزانین.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا پووتن بە دەگمەن گەشتی بۆ دەرەوەی ڕووسیا کردووە، گەشتەکانی زیاتر بۆ ئەو وڵاتانە بووە کە پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوون، دوایین گەشتی پووتن بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتانە بۆ چین لە مانگی ١٠ـی ڕابردوو بوو.

گەشتەکانی پووتن لە مانگی ئازاردا سنووردار کران، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی پووتینی دەرکرد بە تۆمەتی ڕەوانەکردنی منداڵانی ئۆکراینا بۆ ڕووسیا کە تاوانی جەنگە، ڕووسیا ئەو تۆمەتەی ڕەت کردووەتەوە، وتیشی “ڕووسیا بەپێی یاسا بە دوورە لە بڕیارەکانی ئەو دادگایە، چونکە ئەندام نییە تێیدا”.

سعوودیە و ئیماراتیش ئەندام نین لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و لەبەر ئەوە پووتن دەتوانێت بەبێ ترس لە دەستگیرکردنی گەشت بکات بۆ هەر دوو وڵاتەکە.

ر.س

Comments are closed.