“خواردنی گۆشتی سووری بەستوو هۆکارە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی پەنکریاس”

ناوەندی هەواڵەکان

لێپرسراوی هۆبەی کوشتارگەری سلێمانی لە بارەی گۆشتی سووری بەستوو لە بازاڕەکان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بۆ پاراستنی گۆشتی سوور پارێزبەندی تێ دەکرێت، سەرچاوەی دروستبوونی نەخۆشی شێرپەنجەیە.

شاڵاو عارف، لێپرسراوی هۆبەی کوشتارگەی سلێمانی سەبارەت بە زۆری خواستی گۆشتی سووری بەستوو بەراورد بە گۆشتی سووری فرێش ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.

لێپرسراوی هۆبەی کوشتارگەی سلێمانی لە پەیامێکدا ڕایدەگەیەنێت، مامەڵە بە گۆشتی فرێش یان گۆشتی بەستوو دیاردەیەکی بازرگانی سروشتییە لە جیهاندا، بەڵام ئەوەی ناسروشتییە هاوتایی یەکتر بن لە ڕووی تەندروستی و نرخەوە، بێگومان ئەو گۆشتەی هاووڵاتی سەرەی بۆ گرتووە و بە نرخی ١٠ هەزار دەفرۆشرێت گۆشتی بەستووە، ئەم گۆشتە هەر هەبووە لە ڕابردوو لە بازاڕدا بەڵام جێگەی سەرنجی هاووڵاتی و میدیا نەبووە.

سەبارەت بە زیانەکانی بەکارهێنانی گۆشتی بەستوو بۆ سەر جەستەی مرۆڤ دەڵێت: گۆشتی بەستوو زۆر جار گۆشتی ئاژەڵی بەتەمەنە، بۆ پاراستنی ڕەنگ و چێژ و گەشەی مایکرۆب ڕێژەیەکی زۆر پارێزبەندی بۆ بەکار دێت، ئەم پارێزبەندانە دروستکەری نەخۆشی شێرپەنجەین بەتایبەت شێرپەنجەی پەنکریاس.

دەشڵێت: بەهۆی بوونی ڕێژەی زۆری سۆدیۆم لە گۆشتی بەستوو، هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، هەروەها بەهۆی بەرزی ڕێژەی چەوری گۆشتی بەستوو، لە کاتی خواردندا ڕێژەی کۆلیستڕۆڵ لە خوێندا بەرز دەکاتەوە بەمەش ئەگەرەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بەرز دەکاتەوە.

هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، گۆشتی فرێش هەرگیز هاوتای گۆشتی بەستوو نییە و دوور کەوتنەوە لە خواردنی تەندروستییەکی باشتر بە مرۆڤ دەگەیەنێت.

ئەوە لە کاتێکدایە پێنەدانی مووچە لە کاتی خۆیدا و بەرزبوونەوەی ڕێژەیەکی بەرچاو لە نرخی گۆشتی سووری لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ٢٠ هەزار دینار، بەمەش هاووڵاتییانی ناچار کردووە پەنا ببنە بەر کڕینی گۆشتی سووری بەستوو بە نیوەی نرخ و ژەمێک خۆراک بۆ سفرە و خوانیان ئامادە بکەن.

ر.س

Comments are closed.