ژمارەی هێرشەكان بۆ سەر بنکەکانى ئەمریكا لە عێراق و سووریا ئاشکرا کرا

ناوەندی هەواڵەكان

فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا بڵاوی كردەوە، ژمارەی هێرشەكانی سەر بنکەکانمان لە عێراق و سووریا بۆ ٧٦ هێرش بەرزبووەوە، كۆتا هێرشیش بۆ سەر بنكەی هێزەكانیان لە ناوچەی ڕمێلانی سووریا بووە.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا لەبارەی زیادبوونی ژمارەی هێرشی گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران بۆ سەر بنكەكانیان لە عێراق و سووریا، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە ١٧ی تشرینی یەكەمەوە گرووپە چەكدارەكان ٧٦ هێرشییان لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەوان وەڵامی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە، ئەگەر هێرشی زیاتریش ڕووبدات، ئەوا لە كات و شوێنی گونجاودا وەڵامی دەدەنەوە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، كۆتا هێرشی سەر بنكەی هێزەكانیان لە بەرەبەیانی ٣ی ئەم مانگە بوو، لە ڕێگەی ١٥ مووشەكی ١٢٢ ملیمەتری لە خاكی عێراقەوە ئاڕاستەی بنكەی هێزەكانیان لە ناوچەی رومێلانی سووریا كراون، بەڵام هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی و ماددەی لێ نەكەوتووەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای فراوانبوونی ئاڵۆزیی و گرژییەكانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە غەزە، بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە لەلایەن گرووپی مەقاوەمەوە دەكرێتە ئامانج، ئەمەش مەترسی فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەكەدا زیاد دەكات.

هـ.ئ

Comments are closed.