حکومەت لەمەودوا پارەى بەکارهێنانى ئەسانسۆر لە دانیشتووانى یەکەکانى نیشتەجێبوون وەردەگرێت

ناوەندى هەواڵەکان

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بڵاوى کردەوە، پێویستە دانیشتووانى یەکەکانى نیشتەجێبوون بەتایبەت ئەوانەى لە باڵەخانەکانن پێوەری كاره‌بایان بۆ دانرابێت و مانگانە بخوێندریتەوە و پاشان بڕی پاره‌كه‌ی بەسەر خاوەنى یەکەکاندا دابەش بکرێتەوە، دەشڵێن، دەبێت باڵه‌خانه‌یەک لەگەڵ باڵه‌خانه‌‌یەکی دیکە بەپێی پێوەرەکەیان بڕی پاره‌كه‌یان جیاوازی هەبێت، نەوه‌ک بەشێوەى دیاریكراو (مقطوع) وەربگیرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لەبارەى وەرگرتنى پارەى بەکارهێنانى ئەسانسۆر لە دانیشتووانى باڵەخانەکانى ناو یەکەکانى نیشتەجێبوون ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، سەبارەت به‌ نوسراوى بەڕێوەبەرایەتى گشتیمان ژمارە (٨١٤٣) لە (٢٦-٦-٢٠٢٣) دەربارەى پارەى کارەباى نیشتیمانى خزمەتگوزاریى (ئەسانسۆر و تۆڕى ڕووناکى و پەمپى ئاو)ی ستییەکانى کۆمپانیاى قەیوان و پڕۆژەکانى دیکەش، جەختدەکەینەوە، کە پێویستە ئەو شوێنانە پێوەری كاره‌بایان بۆ دانرابێت و مانگانە بخوێندرێتەوە و پاشان بڕی پاره‌كه‌ی بەسەر خاوەنى یەکەکاندا دابەش بکرێتەوە.

لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیاندراوەکەدا دەشڵێن، ئەم خزمەتگوزاریی کارەبایە تەنها تایبەتە بەو یەکانەی لەناو باڵه‌خانه‌کاندان و ئەوانەى بەکاریده‌هێنن.

باس لەوەشکراوە، دەبێت باڵه‌خانه‌یەک لەگەڵ باڵه‌خانه‌‌یەکی دیکە بەپێی پێوەرەکەیان بڕی پاره‌كه‌یان جیاوازی هەبێت، نەوه‌ک بەشێوەى دیاریكراو (مقطوع) وەربگیرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرەڕاى ئەوەى حکومەتى ماوەبەسەرچووى هەرێمى کوردستان ماوەى زیاتر لە سێ مانگە مووچەى بەسەر فەرمانبەراندا دابەش نەکردووە و دۆخى دارایی دانیشتووانى هەرێم بە شێوەیەکى گشى خراپە، بەڵام لە بەرامبەردا کابینەى نۆیەم بە دەیان شێوە باجى لەسەر هاوڵاتیان درووست کردووە.

ئ.م

Comments are closed.