سوودانی داوا لە هێزە ئەمنییەكان دەکات دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكاندا نەكەن

ناوەندی هەواڵەكان

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانى عێراق ڕایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕێنمای هێزە ئەمنییەكانی كردووە، هەموو هەوڵەكان بەگەڕ بخەن بۆ دەستەبەركردنی هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتییان، داواشی لە هێزە ئەمینییەكان كردووە، دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكاندا نەكەن.

یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانى عێراق لەبارەی داواكارییەكی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هێزە ئەمنییەكان لە كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕێنمای هێزە ئەمنییەكانی كردووە، هەوموو هەوڵەكان بەگەڕ بخەن بۆ دەستەبەركردنی هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتییان، داوایەكیشی ئاڕاستەی هەموو فەرماندە سەربازیی و هێزە ئەمنییەكان و سەركردە و بەڕێوەبەرە ئەمنی و سەربازییەكان كرد، بە هیچ شێوەیەك دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكاندا نەكەن.

ئاماژە بەوەش كراوە، سوودانی ڕێنمایی هێزە ئەمنییەكانی كردووە، ڕێگری لە هەر ئاماژەیەك یان ئینتیمایەكی لایەنە پەیوەندیدارەكان و چەكدارەكان لەناو هێزە ئەمنییەكان بكەن، پێویستە هێزە ئەمنییەكان هەموو تواناكانی خۆیان بەگەڕ بخەن، بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە سەلامەتترین دۆخدا بەڕێوەبچێت.

لە كۆتاییدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، سوودانی جەختی لە گرنگی ئازادی هێزە ئەمنییەكان كردەوە لە كاتی دەنگدانیان، چونكە ئەوانیش وەك هاوڵاتییەك، ئازادی دەنگدانیان بەپێی دەستوور و یاسا پارێزراوە، ئازادن دەنگ بە هەر لیست و كاندیدێك دەدەن.

بڕیارە ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، جگە لە هەرێمی كوردستان، لە ١٥ پارێزگای عێراق بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستە هەموو ئامادەكارییەكان تەواو كراون.

هـ.ئ

Comments are closed.