لە ١٦٠ ناوەندی جیهان داوای ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان دەکرێت

ناوەندی هەواڵەکان

لە چوارچێوەی کەمپەینی “ئازادیی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئۆجالان، چارەسەری سیاسیی بۆ پرسی کورد” لە ١٦٠ ناوەند چالاکی “ڕۆژی جیهانیی خوێندنەوەی پەرتووکەکانی ڕێبەر ئۆجالان” بەڕێوەدەچێت و لە شاری جەنەڤرەی سویسراش ڕێپێوانێک ئەنجام دەدەرێت.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵە لە زیندانی تاکەکەسیی-دایە لە دوورگەی ئیمرالی، هەروەها زیاتر لە ٣٣ مانگە خراوەتە ژێر گۆشەگیرییەکی توندەوە و ڕێگە نادرێت نە پارێزەرانی و نە خانەوادەکەی چاویان پێ بکەوێت، لە دژی گۆشەگیریی توند و بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان لە چوار لای جیهان کەمپەینی”ئازادیی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئۆجالان، چارەسەری سیاسیی بۆ پرسی کورد” دەستی پێ کردووە.

لە چوارچێوەی ئەو کەمپەینەدا لە ١٠ـی کانوونی یەکەم، لە ژێر ناونیشانی “ڕۆژی جیهانیی خوێندنەوەی پەرتووکەکانی ڕێبەر ئۆجالان” لە ١٦٠ ناوەندی جیهان چالاکی خوێندنەوەی فکر و فەلسەفە و تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوەدەچێت و داوای ئازادیی جەستەیی دەکەن.

هەروەها لە ڕۆژی ١٣ـی کانوونی یەکەم، لە شاری جەنەڤرەی وڵاتی سویسرا، بە دەستپێشخەری ناوەندی دیموکراتیکی کورد، ڕێپێوانێک ئەنجام دەدەرێت لە چوارچێوەی هەمان کەمپەیندا، بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان.

لەلایەکیترەوە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی ئەورووپا ١٨مین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی یەکێتی ئەرووپا بۆ کورد و تورکیا بەڕێوەدەچێت، کە لەلایەن کۆمسیۆنی مەدەنی یەکێتی ئەورووپاوە ڕێکخراوە، یەکێک لە بابەتەکانی کۆنفڕاسەکە کەمپەینی”ئازادیی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئۆجالان، چارەسەری سیاسیی بۆ پرسی کورد” دەبێت کە ئێستا لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت.

ب.گ

Comments are closed.