لە ١٠ مانگی ئەمساڵدا چوار هەزار توندوتیژیی بەرامبەر ژنان تۆمار کراوە

هەولێر

بەپێی ئاماری بەرێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و ژنان، لە ١٠ مانگی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار حاڵەتی توندوتیژیی دژی ژنان تۆمارکراوە.

فێنک شەفیق بەرێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ژنان، لە هەڵمەتی جیهانیی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

فێنک شەفیق
فێنک شەفیق

لەبارەی هۆکاری بەردەوام زیادبوونی توندوتیژیی دژی ژنان فێنک شەفیق وتی: هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکەمان پیاوسالارە و ئەو زهنییەتە لە ئاستێکی بەرزدایە.

باسی لەوەشکرد، لە سەرەتای ئەمساڵە تا مانگی تشرینی یەکەم، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار حاڵەتی توندوتیژیی و گێچەڵ پێ کردن بە ژنان و کچان تۆمار کراوە، هەروەها لە نووسینگەکانی “بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەتان”، ١٣ هەزار کەیسی ژنان و کچان ئاڕاستەی دادگاکان کراون.

فێنک شەفیق وتیشی: جۆری توندوتیژییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بە جۆرێک توندوتیژیی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە هەڕەشەکردن و گێچەڵپێکردن، ڕووی لە زیادبوون کردووە.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی ئاماژەی بەوەش کرد، لەمساڵدا ئامارەکانی کوشتنی ژنان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمی کردووە و وتی: جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکارەکان ڕۆڵێکی کاریگەرییان هەیە لە کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان.

ش. ئـ

Comments are closed.