دانیشتووانی خەلەکان: بێبەشین لە هەموو خزمەتگوزارییەک

کۆیە

نەبوونی خزمەتگوزاریی و ئاو و كارەبای نیشتمانیی دانیشتووانی شارەدێی خەلەكانی توڕە و نیگەران كردووە و دەڵێن: ئەگەرچی نزیکی بەنداوین و بەرهەمهێنەری کارەباین، بەڵام خزمەتگوزارییمان سفرە و حکومەت هیچی بۆ نەکردووین یەک یاریگامان هەبوو ئەویشیان تێکدا.

سدیق حەمەد
سدیق حەمەد

شارەدێی خەلەكان لە ڕووی ئیدارەییەوە سەر بە شارۆچكەی دوكانە لە پارێزگای سلێمانی، نزیكەی چوار هەزار ماڵی لێ دەژی، بە وتەی خەڵکەکەی پشتگوێخراوە و هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ نەکراوە، لە ئێستاشدا لە ٢٤ كاتژمێر تەنها چوار بۆ پێنج  كاتژمێر كارەبای نیشتمانییان پێ دەدرێت، لەمبارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

سدیق حەمەد، دانیشتوویەکی شارەدێکە دەڵێت: ماوەیەكە كارەبای نیشتمانیی زۆر خراپە، جگە لە كارەبا ڕێگاوبانەكان باش نییە و سفرە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە ئیش و كاریشی لێ نییە، هەر بۆیە داواکارین بە هانامانەوە بێن و خزمەتگوزارییمان بۆ دابین بكەن.

بەرزان حاجی
بەرزان حاجی

بەرزان حاجی هاوڵاتییەکی تر دەڵێت: بەرپرسانی ئەم شارەدێیە وەكو پێویست لە ئاست بەرپرسیارێتیدا نین، بەتایبەتی بەڕێوەبەری شارەدێ و شارەوانی و ئەنجوومەنی گەڕەکەكان، خەمخۆری ئەم شارەدێیە نین.

دەشڵێت: هەرچی بارهەڵگرە بەناو خەلەکاندا هاتوچۆ دەكات، ڕێگاكەی بووەتە ڕێگای بازرگانیی نێوان سلێمانی و هەولێر، ئەمەش جگە لە خراپبوونی ڕێگاوبانەكان و درووستبوونی گرفتی هاتوچۆ و ڕووداوی زۆری لێ دەكەوێتەوە، لەگەڵ ئەمانەش هیچ هەلی كارێك بۆ گەنجەكانمان نییە، هەر بۆیە هەموو ڕوو دەكەنە دەرەوەی وڵات.

جەلال حەمەد
جەلال حەمەد

هەروەها جەلال حەمەد، هاوڵاتییەکی تر دەڵێت: خەلەكان بە دەست نەبوونی كارەبای نیشتمانیی و ئاوی خواردنەوە دەناڵێنێت، بەم وەرزی سەرمایە بە شەش ڕۆژ جارێك ئاومان بۆ دێت، چونكە ئاوی شارەدێكە لە بیری ئیرتیوازی دەردەهێنرێت بۆمان كە كارەبا دەبڕێت ئاویش نییە.

گەنجێكی شارەدێکە بە ناوی بەشدار عەلی وتی: خزمەتگوزاریی لە خەلەکاندا سفرە. خەڵكەكەی بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاریەوە دەناڵێنێت، نە كار هەیە نە مووچە نە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی، تەنها یاریگایەكی هەبوو، ئەویشیان بچووك كردەوە و تێكیان دا.

بەشدار عەلی
بەشدار عەلی

 

ب.گ

Comments are closed.