بەهۆی تەقینەوەی مین لە عێراق ٣٤ هەزار كەس بوونەتە قوربانی

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی مین و بۆمبی كلاستەرەوە تا ئێستا زیاتر لە ٣٤ هەزار  كەس لە عێراق بوونەتە قوربانی، دەشڵێت، هێشتا ٢٠٠ كیلۆمەتر خاكی عێراق ڕووپێوی بۆ نەكراوە بۆ  ئەوەی لە مین پاك بكرێتەوە.

فازل غەراوی، سەرۆكی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، لەبارەی قوربانیی مینە چێندراوەكانی عێراق و ڕووبەری ئەو زەوییانەی لە مین پاككراونەتەوە، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، بەهۆی تەقینەوەی مین و بۆمبی كلاستەروە تا ئێستا زیاتر لە ٣٤ هەزار كەس لە عێراق بوونەتە قوربانی، دەشڵێت، زۆرێك لە منداڵان لە ئەنجامی تەقینەوەی مینی چێندراودا ئەندامەكانی جەستەیان لەدەستداوە و هەزاران عێراقی بەهۆى ئەو مینانەوە هێشتا لە مەترسیدان.

ئاماژەی بەوەش كرد، لەلایەن وەزارەتی ژینگە و بەڕێوەبەرایەتی كاروباری مین زیاتر لە شەش هەزار كیلۆمەتر زەوی مین لە سەرانسەری عێراق پاككراوەتەوە، هەروەها چوار هەزار كیلۆمەتری دیكە ڕووپێوییان بۆ كراوە، بەڵام هێشتا پاك نەكراونەتەوە و ٢٠٠ كیلۆمەتریش هێشتا ڕووپێوی بۆ نەكراوە، ئەمە جگە لەو ناوچانەى، كە مینیان تێدایە پێیان نازانرێت.

فازل غەراوی داوای لە سەرۆك وەزیران و وەزیری ژینگە كرد، ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ لابردنی هەموو مینەكان و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووەكان، هاوكات داوای لە حكومەت و پەرلەمانیش كرد، پەلە بكەن لە دەركردنی یاسای قەدەغەكردنی مین و تەقەمەنی كلاستەر.

بەشێكی زۆری ئەو ناوچانەی مینی تێدایە، دەكەونە ناوچە سنووریەكانی ئێران و عێراق، چونكە ئەو دوو وڵاتە ماوەی هەشت ساڵ بە بەردەوامی شەڕ لە نێوانیاندا هەبوو، بەشێكی دیكەی ئەو مینانەی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی چەتەكانی داعش بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە.

هـ.ئ

Comments are closed.