١٦ چەتەی داعش لە چەند پارێزگایەكی عێراق دەستگیركران

ناوەندی هەواڵەكان

دەزگای هەواڵگری عێراق بڵاوی كردەوە، لە ئەنجامی چەند ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لە پارێزگاكانی بەغدا، ئەنبار، نەینەوا و سەڵاحەدین هێزە ئەمنییەكان توانیان ١٦ چەتەی داعش دەستگیر بكەن، هەروەها ئەو چەتانە بە مادەی ٤ی تیرۆر داواكراو بوون.

دەزگای هەواڵگری عێراق لەبارەی ئەنجامدانی چەند ئۆپەراسیۆنێكەوە لە چەند پارێزگایەكی عێراق و دەستگیركردنی ژمارەیەک چەتەى داعش ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بە پشتبەستن بە زانیاری درووست لیواكانی ٧، ١٠، ١٤، ١٦ و ١٧ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازیی و بە هاوكاری هێزە ئەمنییەكانی دیكە چەند ئۆپەراسیۆنێكیان لە ناوچەكانی پارێزگاكانی بەغدا، ئەنبار، نەینەوا و سەڵاحەدین ئەنجامدا.

ئاماژە بەوەش كراوە، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا ١٦ چەتەی داعش دەستگیر كران، ئەو چەتانە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە بەپێی مادەی ٤ى تیرۆر داواكراو بوون، دواتر ئەو چەتانە ڕادەستى دەسەڵاتى دادوەری كراون.

لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەكانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەردەوام دەبێت بۆ لەناوبردن و دەستگیركردنی چەتەكانی داعش لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق.

هـ.ئ

Comments are closed.