مانگرتنی سەرتاسەریی بۆ پشتیوانیکردن لە قوربانییانی توندوتیژیی ڕاگەیاندرا

ناوەندی هەواڵەکان

ژنانی کۆمەڵگەی نایسنا لە ئەفریقای باشوور، مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاندووە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر توندوتیژییەکان و هاوکات وەکو پشتیوانییەکیش بۆ ئەو ژنانەی بەهۆی هەڵاواردنی جێندەرییەوە کوژراون یاخود قوربانیی توندوتژیین.

لە ڕۆژی ٢٩ـی تشرینی دووەمەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتی جیهانیی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتژیی بەرامبەر ژنان، کۆمەڵگەی نایسنا لە پارێزگای وێستەرن کیپ (کیپی ڕۆژئاوایی) لە وڵاتی ئەفریقای باشوور، مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند و یاداشتێکی ناڕەزایەتییان گەیاندە سەرۆکی شارەوانیی.

مانگرتنەکە لەلایەن چەندین ڕێکخراوی جیاوازەوە پشتیوانی لێ دەکرێت، ڕێکخەران و بەشداربووان، هۆشداریی دەدەن لە مەترسی بەرزبوونەوەی توندوتیژییەکان لەسەر بنەمای ڕەگەزیی و ڕێژەی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان، هەر لە یاداشتەکەدا داوا کراوە لێپرسینەوە لەو ناوەند و دەزگایانە بکرێت کە پەیوەندییدارن بە بەرەنگاربوونەوە و نەهیشتنی ژنکوژیی و جیاکاریی و توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەزیی.

ئاماژەشیان بەوە کردووە، بۆ چارەسەر گرنگە پۆلیس و دەزگاکانی پاراستنی ئاسایش هەماهەنگییەکی زیاتریان هەبێت، تا بتوانن خێراتر و چالاکتر کار لەسەر کەیسەکانی توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەزیی و کوشتنی ژنان بکەن.

ش. ئـ

Comments are closed.