هەشت كەس بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكى پەرلەمانى عێراق خۆیان كاندید كردووە

ناوەندی هەواڵەكان

سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، ژمارەی كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەرزبووەتەوە بۆ هەشت كەس، چوارچێوەی هەماهەنگیش چەند مەرجێكی هەیە بۆ كاندیدی ئەو پۆستە، دەشڵێت، لەوانەیە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكى پەرلەمان دوابكەوێت بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.

سائر جبووری پەرلەمانتار و سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی ژمارەی كاندیدانی سەرۆك پەرلەمان و مەرجەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

سائر جبووری ڕایگەیاند، لیستی ئەو ناوانەی لەلایەن هێزە سوننەكانەوە كاندیدكراون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەشت كەس بەرزبووەتەوە، دەشڵێت، لە ئێستادا پەرلەمان لە پشووی یاساداناندایە و دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكى پەرلەمان تا دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هیچ زیانێكی نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕەزامەندی چوارچێوەی هەماهەنگی لە دیاریكردنی كاندیدێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان زۆر گرنگە، چوارچێوەكە چەند پێوەرێكی گرنگی بۆ ئەو كاندیدە هەیە، كە پۆستەكە وەردەگرێت، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ڕۆڵی كاریگەری هەبێت لە یاسادانان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی عێراقییەكان بە گشتی و جێبەجێكردنی ئەركەكانی پەرلەمان بەباشی و خزمەتى هەموو پێكهاتەكان بەبێ جیاوازی بكات.

میدیا عێراقییەكان چەندین ناویان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكى پەرلەمان بڵاو كردووەتەوە، كە بریتین لە: سالم عیساوی، ئەندامی حزبەكەی خەمیس خەنجەر، شەعلان كەریم و عەبدول كەریم عەبتان لە حزبەكەی حەلبوسی، هەروەها لیستێكی تریش هەیە ناوی كاندیدەكانی دیكەی تێدایە، لەوانە زیاد جەنابی، یەحیا محەمەدی، مەحمود مەشهەدانی و خالد دەرادجی، تا ئێستا ناوی هیچ یەكێك لەو كاندیدانە یەكلای نەبووەتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكاییەتی پەرلەمان.

لە ماددەی ١٢ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتووە، ئەگەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یان هەریەكێك لە دوو جێگرەكەی بەهەر هۆكارێك بەتاڵ بووەوە، پەرلەمان بە زۆرینەی ڕەها شوێنگرەوەیەكی بۆ هەڵدەبژێرێت.

چوارشەمەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی ئەنجامدا، لە بەرنامەی كارەكەیدا هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی لەخۆ گرتبوو، بەڵام بە خێرایی دەنگدانی دواخست، ئەوەش بەهۆی نەبوونی كۆدەنگی سیاسییەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.