خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بەهۆی نەبوونی پارەوە بێبەش دەکرێن لە دەرماڵەکانیان

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ خوێندکارانی کۆلێژی تەکنیکی سۆران و سەڵاحەدین دەرماڵەی چەند مانگێکیان بەسەر یەکەوە وەرگرت و هێشتا خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی هیچ وادەیەکیان بۆ دیاری نەکراوە تا دەرماڵەیان پێبدرێت.

ئەمڕۆ نزیکەی هەزار خوێندکاری کۆلێژی تەکنیکی سۆران، دەرماڵەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیان بەسەر یەکەوە وەرگرت، و خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدینیش لەم مانگەدا سێ دەرماڵە بەسەر یەکەوە وەردەگرن، بەڵام لە زانکۆی سلێمانی هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ وەرگرتنی دەرماڵەکانیان.

بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو بڕە پارەیەی خوێندکارانی کۆلێژی تەکنیکی سۆران وەری دەگرن، دەرماڵەی مانگی یەک تا مانگی شەشی ئەمساڵە، بۆ هەر مانگێک خوێندکارانی دەرەوەی شار ٦٠ هەزار دینار و خوێندکارانی ناو شاری سۆرانیش ٤٠ هەزار دینار وەردەگرن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن کۆلێژی تەکنیکی سۆران بڵاو کراوەتەوە، لە سبەینێوە خوێندکاران دەتوانن سەردانی کۆلێژەکانیان بکەن بۆ وەرگرتنی دەرماڵەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ.

لەو بارەیەوە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ڕەزامەندی بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران وەرگیراوە و پارەی پێویستیش لەبەر دەستە.

سەبارەت بە دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی، یۆهان عوسمان، لێپرسراوی هۆبەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی دەڵێت: لەم ساڵدا خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی هیچ دەرماڵەیەکیان وەرنەگرتووە، چونکە لە سلێمانی کێشەی نەختینە هەیە، و لیستی دەرماڵەی شەش مانگ بۆ خوێندکاران تەواو بووە، بەڵام لە سلێمانی پارەی نەختینە لەبەردەست نییە.

ئەوە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە مانگێک خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی خۆپیشاندان و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و داوای پێدانی دەرماڵەی خوێندن و نۆژەنکردنەوەی بەشە ناوخۆییەکانیان دەکرد، بەڵام بۆ ماوەی ساڵێک لەلایەن سەرۆکی یەنەکەوە دەرماڵەیان بۆ دابین کرا و دوای ساڵەکە ڕاگیرا و حکومەتیش هیچ وادەیەکی دیاری نەکردووە بۆ پێدانی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی.

ر.س

Comments are closed.