پێشانگایەک لە ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان کرایەوە

هەولێر

ئەمڕۆ بە بۆنەی ١٦ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، پێشانگایەکی تایبەت بە کاری دەستی و هونەری، بە بەشداری ٣٠٠ ژن و کچ لە شاری هەولێر کرایەوە.

پێشانگاکە وا بڕیارە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر لە کاتژمێر ١١ـی بەیانی تاوەکوو ٦ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە توانستی ئافرەتان و پەرەپێدانی ئابووریی و ڕێکخستنی دەرفەتی یەکسان بۆ ژنانی سنوورەکە.

پێشانگاکە لەژێر ناوی (دەستی زێڕین) بوو کە تایبەتە بە نمایشی کاری دەستی و کارە هونەرییەکانی ژنان و کچان، کە لەلایەن ڕێکخراوی مەسەلە بە پاڵپشتی کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ڕێکخراوە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تاوەکوو ژنان بتوانن توانا و دەست ڕەنگینی خۆیان نیشان بدەن و کەلوپەلەکانیان ساغ بکەنەوە.

لای خۆیەوە جیهاد حەوێز، ڕێکخەری پێشانگاکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان، پێشانگای دەستی زێڕین، بە بەشداری ٣٠٠ ژن و کچ، بە کاری دەستی و هونەری کرایەوە.

وتیشی: ئامانج لە کردنەوەی ئەم پێشانگایە پشتیوانیکردنە لە ئافرەتان لە ڕووی ئابوورییەوە، تاوەکوو لەم ڕێگایەوە بتوانن دەستڕەنگینی خۆیان نمایش بکەن و بتوانن کەلوپەلەکانیان ساغ بکەنەوە، لە پێناو گەیاندنی سوودی دارایی بە خۆیان و خێزانەکانیان.

لە پێشانگاکەدا نزیکەی ٣٠٠ کچ و ژن لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە بەشدارن و کارەکانیان بریتین لە کاری دەستی و دروستکردنی خشڵ و مرواری و کاری ڕستن و چنین، لەگەڵ وێنەکێشان و پەیکەرتاشی و چەندان کاری هونەری دیکە، هەروەها بەشێکی دیکەی پێشانگاکە بریتی بوو بە خستە ڕووی دەیان جۆری جیاوازی شیرینی و خواردنی کوردەواری و شێوازی جلوبەرگی کۆنی کوردەواری.

ر.س

Comments are closed.