سی پی تی داوای دەستبەجێ ئازادکردنی چوار ڕۆژنامەنووس دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

تیمی کوردستانی عێراقی (سی پی تی) لە بەیاننامەیەکدا، ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانیان یاد کردەوە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی چوار ڕۆژنامەنووسیان کرد، کە لە زیندانەکانی هەرێم بەبێ بەڵگەی سەلمێنەر دەست بەسەرکراون.

ڕێکخراوی تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی، لە دەیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسان” قارەمان شوکری، سلێمان ئەحمەد، شێروان شێروانی و گوهدار زێباری” دەکەن.

سی پی تی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دەیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ کاوە گەرمیانییە، لە شکۆی تێکۆشان و خەباتی ئازایانەی کاوە گەرمیانییدا، ئەو پرەنسیپانەمان لە یادە کە کاوە لەسەریان ڕۆیشتووە، تاوەکوو ئێستاش مەترسییەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان، ئازادی ڕادەربڕین و خەباتی دژ بە گەندەڵی هەر بەردەوامی هەیە، لە ئێستادا چوار ڕۆژنامەنووس بەهۆی کاری ڕۆژنامەگەری لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستاندان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕۆژی ٥ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣دا، ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ کاوە گەرمیانی لە ماڵەکەی خۆیدا شەهید کرا و بەر لە تیرۆرکردنی، کاوە چەندین هەڕەشەی لەلایەن دوو بەرپرسی سەربازی و خاوەن دەسەڵاتی پارێزگای سلێمانییەوە بە دەست گەیشتبوو، لەدوای تێپەڕینی ١٠ ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوە دا، تا ئێستا هیچ هەوڵێک نەدراوە کە بکەرانی سەرەکی ئەم تیرۆرە بەرپرسیار بکرێن، تا ئێستا ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانان بە بەردەوامی بە ئامانج دەگیرێن.

جەختیان لەوە کردووەتەوە، کاتێک ساڵیادی مەرگی کاوە گەرمیانی یاد دەکرێتەوە، بەڵام چوار ڕۆژنامەنووس بە تۆمەتی مەترسی خستنە سەر ئاسایشی نیشتمانی لە زینداندانەکانی کوردستاندا زیندانیکراون و هیچ بەڵگەیەکی بڕواپێهێنەریش نییە بۆ سەلماندنی ئەم تۆمەتانە.

تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی، داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ڕۆژنامەوانان” قارەمان شوکری، سلێمان ئەحمەد، شێروان شێروانی و گوهدار زێباری”یان کرد، کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم زیندانی کراون.

ر.س

Comments are closed.