لە دەیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی مەراسیمێک ڕێک خرا

گەرمیان

ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی بە بەشداری بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و خەڵکی ئازادیخواز بەڕێوەچوو، ئاماژەیان بەوەدا، ناهێڵین کەیسی کاوە گەرمیانی خەفە بکرێت لە لایەن دەسەڵاتەوە.

ئەمڕۆ لە هۆڵی هونەری شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بۆ دەیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی، مەراسیمێک بە بەشداری کەسوکار و خەڵکی وڵاتپارێز و ڕۆژنامەنووسان ڕێک خرا.

دڵشاد ئەنوەر

لە مەراسیمەکەدا دڵشاد ئەنوەر، ڕۆژنامەنووس وتی: ئەوەی دوای دە ساڵ زیندوێتی دۆسیەی کاوە گەرمیانی هێشتووەتەوە و نەیهێشتووە دۆسیەکەی خەفە بکرێت، ئامادە بوون و کۆڵنەدانی ئێوەیە، لە یەکەم ڕۆژی شەهیدکردنی کاوە گەرمیانی هەوڵ درا دۆسیەکەی خەفە بکرێت و ئەنجامی نەبێت و کەس پێوە نەبێت.

وتیشی: لە ئەنجامی ناڕەزایەتی شەقام و دەنگ هەڵبڕینی ڕۆژنامەنووسان، توانیمان بگەین بەوەی لانی کەم بزانرێت دۆسیەکە چۆن ڕوویدا و و کێ بوو، هەروەها سەرەداوێکی وامان دەستکەوت کە دۆسیەکە نەمرێت و بە زیندوێتی بمێنێتەوە تا ئەمڕۆ.

پاشان ستارە عارف، نوێنەری ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ وتی: لە ڕۆژگارێکدا دەژین دەسەڵات سەرەڕای تیرۆرکردن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان، بووە بە چاو ساغی دوژمن و ڕۆژانە درۆن باران دەکرێین، ئەم دەسەڵاتە بووەتە چاو ساغی دوژمن و نەیارانی کورد، دەسەڵاتێکی چەتە گەراییە و تا ئێستا خەڵک لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاریی بێ بەشە.

ڕاشیگەیاند، بە داخەوە بکوژانی ڕۆژنامەنووسان لە لایەن ئەم دەسەڵاتە ستەمکارەوە دەپارێزرێن و دادگاکان بە کار دەهێنن، هیوادارم ئازادیخوازان ڕێچکەی شەهیدان بەر نەدەن، چونکە تەنیا ئەوە دەمانگەیەنێت بە سەرکەوتن و باشترین وەڵامیش بۆ ئەم دەسەڵاتە چەتە گەراییە، بەردەوامیدانە بە ڕێبازی شەهیدان.

کاروان ئەحمەد

دواتر کاروان ئەحمەد، برای شەهید کاوە گەرمیانی وتارێکی کاوە گەرمیانی خوێندەوە کە لە ساڵی ٢٠١٢ لە گۆڤاری ڕایەڵە بڵاو بووەتەوە، لە وتارەکەدا باسی ئەوەی کردووە، دەسەڵاتدارانی باشوور مێژوویان پڕە لە خیانەت و بە فیتی داگیرکەر هێرشیان کردووەتەوە سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە شەڕی ناوخۆی خۆشیاندا چەندین منداڵیان بێباوک کردووە.

ر.س

Comments are closed.