دەمیرتاش: ئەگەر سەد هەزار ساڵیش زیندانی بکرێم بەردەوام دەبم لە وتنی ڕاستییەکان

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ دادگاییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپ لە زیندانی ئەدرنە بەڕێوەچوو، لە دادگاییکردنەکەدا دەمیرتاش ڕایگەیاند” ئەگەر سەد هەزار ساڵیش بچێتە زیندان، بەردەوام دەبێت لە وتنی ڕاستییەکان.

دادگاییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپ لە لایەن دادگای تاوانەکانی ١٤ی مێرسین، بە ئامادەبوونی ٢٥ پارێزەری بەرگری لە دۆسیەکانی دەمیرتاش، لە زیندانی ئەدیرنە کە ماوەی حەوت ساڵە لەو زیندان دەستبەسەرە بەڕێوەچوو، دەمیرتاشیش لە ڕێگەی سیستەمی دەنگ و ڕەنگ بەشداری دادگاییکردنەکەی کرد.

دەمیرتاش لە دادگا وتی: ئەگەر سەد هەزار ساڵیش بچێتە زیندان، بەردەوام دەبێت لە وتنی ڕاستییەکان و کەس ناتوانێت ملکەچی بکات.

هاوکات عەلی بۆزان، جێگری هاوسەرۆکی هەدەپ لە مێرسین کە لە دادگاییەکە ئامادەبووە ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە خەبات تا گەلی کورد لە خاکی خۆی بە کەرامەت و یەکسانی و ئازادیی بژی.

پارێزەرەکانی دەمیرتاش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ١٠ دۆسیەی جیاواز لەسەر دەمیرتاش ئامادەکراوە، ئەوەش مانای ئەوەیە ١٠ داواکاری گشتی دەستوەردانیان کردووە، لە کاتێکدا پێویستە بەڵگە لە بەرژەوەندی تۆمەتبار کۆ بکرێتەوە، بەڵام تەنیا بەڵگە لە دژی هەیە، دادگاکەش دانیشتنەکەی بۆ ١٥ی ئایاری ٢٠٢٤ دوا خست.

سەڵاحەدین دەمیرتاش بەهۆی وتارەکانی لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکان و کۆبوونەوەکانی ناو هۆڵی پەرلەمان و لێدوانە تەلەڤزیۆنییەکانی لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦، بە سووکایەتیکردن بە حکومەت و ئۆرگانەکانی دەوڵەت تۆمەتبارکراوە، داواکاری گشتیش داوای سزای ٢٠ ساڵ زیندانیکردنی کردووە.

ر.س

Comments are closed.