ژمارەی کوژراوانی غەزە ١٦ هەزار کەسی تێپەڕاند

ناوەندی هەواڵەکان

حکومەتی غەزە لە ڕاگەیەنراوێکدا ژمارەی کوژراوانی غەزەی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە داوە، لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا ١٦ هەزار و ٢٤٨ کەس بە بۆردوومانی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل کوژراون.

نوێترین ئاماری کوژراوانی کەرتی غەزە بڵاو کرایەوە و ١٦ هەزار کەسی تێپەڕاند.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتەکەی غەزە، ژمارەی کوژراوانی غەزە لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی غەزەوە، گەیشتە ١٦ هەزار و ٢٤٨ کەس.

دوای شکاندنی ئاگربەستی حەوت ڕۆژە لە نێوان حەماس و ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە یەکەم کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست ڕایگەیاندبوو، ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان بەردەوامی دەبێت، چونکە بەبێ ئۆپەراسیۆنی زەمینی ناتوانین ئامانجەکانی شەڕ بەدیهێنین.

ئاماژەی بەوەش دابوو، سەربازانمان لە ماوەی ئاگربەستدا ئامادەکاری تەواویان بۆ سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر حەماسدا کردووە و ئامانج لە بەردەوامی شەڕی غەزە، بریتییە لە کۆتاییهێنان بە حەماس و ئازادکردنی تەواوی بارمتە ئیسرائیلییەکان.

ئەوە لە کاتێکدایە جەنگی ئیسرائیل – حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەری ڕابردوو لەژێر ناوی ” گەردەلوولی ئەقسا” لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە دەستی پێ کرد و لە ئاکامدا هەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کوژرا و ٢٤٠ کەسیش بە دیل کەوتنە دەست حەماس، لە بەرامبەردا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی شمشێری ئاسنی دەست پێ کرد و بەهۆی بۆردوومانی ڕاستەوخۆی هێزی ئەسمانی ئەو وڵاتە، ژمارەی کوژراوان لە هەڵکشانە و بەپێی نوێترین ئاماری بەرپرسانی غەزە، ژمارەی کوژراوان ١٦ هەزار کەسی تێپەڕاندووە کە زۆرینەی ژن و منداڵ و کەسانی مەدەنین.

ر.س

Comments are closed.