ئەمشەو دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوو جار برادۆستی بۆردوومان کرد

برادۆست

ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دوو کاتی جیاوازدا، دەڤەری برادۆستی سەر بە شارۆچکەی سیدەکانی پارێزگای هەولێریان بۆردوومان کردووە و تا ئێستاش ناو بە ناو دەنگی فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانەوە دەبیسترێت.

فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، دوو جار دەڤەری برادۆستی سەر بە سنووری پارێزگای هەولێریان بۆردوومان کرد.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، ئێوارەی ئەمڕۆ لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، بۆردوومانی هەر یەک لە ناوچەکانی (گەروێ سینگان و گوندی بێرکم) کراوە لە دەڤەری برادۆستی سەر بە سنووری شارۆچکەی سیدەکانی پارێزگای هەولێر، هەروەها کەمێک پێش ئێستاش بۆ جارێکی تر هەمان ناوچە بۆردوومان کراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەک لە سنوورەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە، تا ئێستاش دەنگی فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی ناوچەکە دەبیسترێت و مەترسی بۆردوومان کردنەوە هەیە.

بۆردوومانکردنی برادۆست لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ لە سنووری ئامێدی لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە شوانێک و هاووڵاتییەکی سنوورەکە کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا شوانەکە بە سەختی بریندار بووە و هاووڵاتییەکەش گیانی لەدەستدا.

ر.س

Comments are closed.