فێستیڤاڵی پیرەمێردی شاعیر لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو

سلێمانی

ئەمڕۆ، بە دەستپێشخەریی یادە بەرزنجی، شاعیری کورد، یەکەمین فێستیڤاڵی شیعریی پیرەمێرد، بە بەشداریی ٢٤ شاعیر لە نەتەوەی کورد و عەرەب بەڕێوەچوو و بەشداربوووانیش دەڵێن: ئەم فێستیڤاڵە پێکەوەژیانی گەلان تۆکمە دەکات.

یادە بەرزنجی
یادە بەرزنجی

ئەمڕۆ، لە هۆڵی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە شاری سلێمانی، یەکەمین فێستیڤاڵی شیعریی پیرەمێردی شاعیر، لەلایەن یادە بەرزنجی، شاعیری کورد بەڕێوەچوو.

یادە بەرزنجی، ڕێکخەری فێستیڤاڵەکە، بۆ ڕۆژنیوز باسی لە فێستیڤاڵەکە کرد و وتی: فێستیڤاڵەکە تەنها ئەمڕۆیە، بەڵام لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا، میوانان بە شوێنە مێژووی و ناوچە گەشتیارییەکانی سلێمانییدا دەگەڕێنین، ژمارەی بەشداربووانیش لە هەشت شاعیری عەرەب، کە لە ناوچەکانی خوارووی عێراق و شەش شاعیری شارۆچکەی خانەقین، هەروەها ١٠ شاعیر لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارییان کردووە.

مەشعەل بەیاتی
مەشعەل بەیاتی

هەروەها مەشعەل بەیاتی، شاعیرێکە، کە لە پارێزگای سەڵاحەدینەوە بەشداری کردووە و بە ڕۆژنیوزی وت: هیوادارم بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت، ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە پێکەوەژیانی نێوان نەتەوەکانی هەمو عێراق وەک کورد و عەرەب و تورکمان زیاد دەکات، ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە لە پێشدا پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی تۆکمە دەکات، دواتر لایەنی ئەدەبیی و ڕۆشنبیریی و هونەریی.

ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ یەکدی ناسینی شاعیرانی خوارووی عێراق و هەرێمی کوردستان

گوڵاڵە پێنجوێنی
گوڵاڵە پێنجوێنی

لەبارەی فێستیڤاڵەکە گوڵاڵە پێنجوێنی، شاعیری کورد بە ڕۆژنیوزی وت: بەشداریم کردووە لە فێستیڤاڵی کۆڕی شیعری لەنێوان شاعیرانی کورد و عەرەب، ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ یەکدی ناسینی شاعیرانی خوارووی عێراق و هەرێمی کوردستان، بە هۆی ئەمەشەوە ئاشنا دەبین بە شیعرەکانی هەردوو نەتەوە.

ئ.م

Comments are closed.