ژنان: بە یەکدەنگیی بەرەنگاری توندوتیژییەکان دەبینەوە

هەولێر

ژنانی هەولێر هۆکاری بەردەوامی توندوتیژییەکان لەسەر ژنان، دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی هۆشیاریی تاکەکان و بە پێویستی دەزانن، ژنان بە پشتبەستن بە هێز و تواناکانی خۆیان بەرەنگاریی توندوتیژییەکان ببنەوە.

٢٥ـی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم)، وادەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژییەكانە بەرامبەر ژنان، کە تێیدا هەڵمەتێکی جیهانیی هۆشیاریی و یاسایی بەڕێوە دەچێت، ڕێکخراوەکان و چالاکوانان لەو ماوەیەدا کار لەسەر بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و بەرنامەی تایبەت بە بواری مافەکانی ژنان دەکەن، باس لە مافەكانی ژنان و چۆنییەتی هۆشیاربوونەوەیان دەكرێت، لەمبارەیەوە بەشێک لە ژنانی چالاکوان لە شاری هەولێر بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ناسک سەعید
ناسک سەعید

ژنە چالاکوان ناسک سەعید پێیوایە نەبوونی هۆشیاریی تاکەکانی کۆمەڵگە هۆکارە بۆ  ئەنجامدانی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان و وتی: پێویستە منداڵەکانمان بە جۆرێک پەروەردە بکرێن، دووربن لە ئەنجامدانی توندوتیژیی بەرامبەر خوشک و دایکانیان، ئەرکی هەموو لایەکە بەیەکەوە بەرەنگاری توندوتیژییەکان ببینەوە.

ناسک سەعید وتیشی: ژنان و کچان پێویستە هۆشیارییان هەبێت، لە بەرامبەر داواکردنی مافەکانی خۆیان، بە جۆرێک کاتێک توندوتیژییەکیان بەرامبەر دەکرێت، پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆیکردن لە مافەکانی ژنانەوە بکەن، تا پارێزراوبن لە توندوتیژیی.

شەیما مستەفا
شەیما مستەفا

شەیما مستەفا ژنە چالاکوانێکی تر دەڵێت: توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان و کچان بەردەوامی هەیە، بە جۆرێک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە شوێنی ئەنجامدانی توندوتیژیی دژ بە ژنان.

ئەو چالاکوانە بە ئەرکی حکومەتی دەزانێت چاودێرییەکی توند بخرێتە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا و ژنانیش بە دووربن لەو فشار و هەڕەشانەی ئێستا ڕوو دەدەن.

باسی لەوەشکرد، هەبوونی هۆشیاریی و یەک دەنگی ژنان، دەتوانێت کۆتایی بە توندوتیژییەکان بهێنێت، داواکارم ژنان و کچان لە ڕێگەی پشتبەستن بە هێز و تواناکانی خۆیان، بەیەکەوە بەرەنگاری توندوتیژییەکان ببنەوە.

ش. ئـ

Comments are closed.