کۆیە
ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی بواری ژنان لە شارۆچکەی کۆیە دەڵێن: ئامانجمانە ئەو جیاکارییە نەمێنێت کە لە نێوان ڕەگەزەکاندا هەیە، پارێزەرێکیش دەڵێت: توندوتیژییە جەستەییەکان کەم بوونەتەوە، بەڵام سکاڵاکردن دژی توندوتیژیی زیاتر بووە، ئەمەش ئاماژەیەکی هیوابەخشە.
لە ٢٥ـی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم)، وادەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژییەكانە بەرامبەر ژنان، کە تێیدا هەڵمەتێکی جیهانیی هۆشیاریی و یاسایی بەڕێوە دەچێت، ڕێکخراوەکان و چالاکوانان و پارێزەرانی ژن لە شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدەرێت، بەشێکی پەیوەندی بە شێوازی پەروەردەکردن و درووستکردنی جیاکاریی ڕەگەزییەوە هەیە لە نێوان منداڵە کچ و کوڕەکان، لەبارەی مەترسییەکانی ئەو شێوازە پەروەردەکردنە نیگار محەمەد، ئەندامی دەستەی دامەزراندنی ڕێکخراوی ئۆسکار بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ژنان بە ڕۆژنیوزی وت: ئامانجمانە ئەو جیاکارییە نەمێنێت کە لە نێوان ڕەگەزەکاندا هەیە، چونکە ژنان نیوەی کۆمەڵگە و دایکی نیوەکەی تریشە، هەوڵدانیشمان بۆ ئەوەیە هیچ ڕۆژ و کاتێک توندوتیژیی بەرامبەر ژنان ئەنجام نەدرێت.
هەروەها ڕوناک سەڵاحەدین، سەرۆکی ڕێکخراوی ئۆسکار لەمبارەیەوە وتی: دژی هەر توندوتیژییەکن، کە بەرامبەر بە ژنان و خێزان دەکرێت هەروەها هاوکاریی ئەو ژنانە دەکەن، کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە بە تایبەتی لە ڕووی دەروونییەوە، هاوکات وەک هەموو ڕێکخراوەکانی بواری ژنان بەشداریی چالاکییەکانی ڕۆژانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان دەکەن.
ئەڤین جوبرائیل، پارێزەر و چالاکوانی مەدەنیی باسی لەوە کرد، پێویستە ڕۆشنبیریی تاکەکانی کۆمەڵگە لە ئاست یاساکاندا بەرزبکرێتەوە، چونکە یاسا دەتوانێت مافی بۆ بگەڕێنێتەوە و وتی: توندوتیژیی لە کۆنەوە هەبووە، بەڵام ئێمە دەبێت هەوڵی کەمکردنەوە و سنووردارکردنی بدەین، وەکوو پارێزەران دەتوانین پشتگیریی ژنان بکەین کاتێک ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبنەوە، بتوانین بە ڕێگای یاسایی بۆیان چارەسەر بکەین، خەڵکی هۆشیار بکەینەوە کاتێک ڕووبەڕووی توندوتیژیی دەبنەوە.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا لە ئەنجامی بەردەوام بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی، توندوتیژییە جەستەییەکان و کوشتنی ژنان کەمتر بوونەتەوە، بەڵام سکاڵاکردن دژی توندوتیژیی زیاتر بووە، ئەمەش ئاماژەیەکی هیوابەخشە کە هاوڵاتییان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پەنا بۆ دادگا و یاساکان دەبەن.
ش. ئـ
Comments are closed.