هەژار ئەنوەر: داوای یەکدەنگیی ڕۆژنامەنووسان دەکەم بۆ ئازادیی سلێمان ئەحمەد

هەولێر

ڕۆژنامەنووسێکی شاری هەولێر داوای ئازادکردنی سلێمان ئەحمەد دەکات و دەڵێت: ئەمە پێشێلکارییە و لە دژی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و ئازادیی ڕادەربڕینە، داواش دەکات ڕۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکدەنگی داوای ئازادکردنی سلێمان ئەحمەد بکەن.

ماوەى ٤٥ ڕۆژە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسى (ڕۆژنیوز) لەلایەن پەدەکەوە، لە دەروازەی فیشخابوور بەبێ هیچ هۆکارێک ڕفێندراوە و تا ئێستاش بێسەروشوێنە، لە پاش شەش ڕۆژ درەنگانی شەوی ٣٠ـی مانگى ڕابردوو، ئاسایشی دهۆک ڕاگەیاندراوێکی پڕ لە چەواشەکاریی و ناڕاستی بڵاوکردەوە و دانی پێدا نا، کە ڕفاندوویانە.

لەم بارەیەوە هەژار ئەنوەر ڕۆژنامەنووسێکی شاری هەولێرە دەڵێت: دۆخی ڕۆژنامەنووسان بۆ کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرتەسک دەکرێتەوە، چونکە هەر ڕۆژنامەنووسێک بە دڵی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان نەبێت ئەوە دەستگیر دەکرێت، ئەمە جێگای قەبووڵکردن نییە.

وتیشی: دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد پێچەوانەی ئازادیی ڕادەبرینە، هەروەها پێشێلکارییە بەرامبەر بەم ڕۆژنامەنووسە، چونکە ماوەی چەندین ساڵە لە باشووری کوردستان نیشتەجێیە.

هەژار ئەنوەر باسی لەوەش کرد: مەترسییەکی گەورە لەسەر ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان هەیە، دەسەڵات بە ڕێگای سیناریۆ و تۆمەت هەڵبەستن ڕۆژنامەنووسان دەخاتە زیندانەوە، بە پێویستی دەزانێت ڕۆژنامەنووسان و رێکخراوەکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی، بەرامبەر بەم ڕەفتارەی دەسەڵات هەڵوێست بنوێنن.

لە کۆتاییدا وتیشی: پڕۆسەی دیموکراسیی و ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی دەسەڵاتەوە لەکەدار بووە، بە گرنگی دەزانم ڕۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاکان بە یەکدەنگیی داوای ئازادکردنی سلێمان ئەحمەد بکەن، هەروەها ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە هەرچی زووە ئەم ڕۆژنامەنووسە لە زیندان ئازاد بکەن.

لە دژی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد، ٢١٥ ڕۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار، کەسایەتیی و دەزگا و ڕێکخراوی جیاواز، کەمپەینێکیان بۆ ئازادکردنی ڕاگەیاندووە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەکەن.

ب.گ

Comments are closed.