نەخۆشییەکی کوشندە لە ناو ئاژەڵاندا بڵاو بووەتەوە

کۆیە

بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی کوشندە لەناو ئاژەڵاندا، لە سنووری شارۆچكەی كۆیە، قڕی خستووەتە ناو مەڕوماڵات و مەترسی گەورەی لەسەر ژیانی ئەو کەسانەش درووست کردووە کە لە بازاڕدا گۆشتەکەی دەکڕن و دەیخۆن،  زەرەر و زیانێکی زۆریشی بە خاوەن ئاژەڵەکان گەیاندووە.

لە سنووری شارۆچكەی كۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، چوار شارەدێ و ١٥٠ گوند بوونی هەیە، كە ١٥٦٦ خاوەن ئاژەڵ هەن لەو سنوورە و نزیکەی ١٤٥ هەزار سەر ئاژەڵی گەورە و بچووكیان هەیە و بەخێوی دەکەن، ماوەیەكە چەند نەخۆشییەكی كوشندە لەناو ئاژەڵاندا بڵاو بووەتەوە، كە بەهۆیەوە دەیان ئاژەڵی پێ مردار بووەتەوە.

ئومێد زاهیر
ئومێد زاهیر

لەمبارەیەوە ئومێد زاهیر كە ئاژەڵدارە لە گوندی ئەسكی كۆیە، بە ڕۆژنیوزی وت: ماوەی زیاتر لە مانگێك دەبێت نەخۆشی لەناو ئاژەڵەكانم بە تایبەتی مەڕەکان، بڵاو بووەتەوە كە بەهۆیەوە نزیكەی دە سەڕ مەڕم مردار بوونەتەوە، ئەوەی توشی نەخۆشی دەبێت گەر زوو فریای نەكەوین زۆر لاوازی دەكات، ئەوانەی كە بەرخیان هەیە، شیریان كەم دەبێتەوە ناتوانن بەرخەكانیان تێر بكەن.

دەشڵێت: زیاتر لە دوو ملیۆن دینارم بۆ كڕینی دەرمان خەرج كردووە، لە كۆیەوە ئاژەڵەكانم بردووە بۆ سلێمانی تاوەكو نەخۆشییەكەی بدۆزرێتەوە چارەسەری بكەین، بەڵام هیچمان دەست نەكەوتووە، ئەمەش ئێمەی توشی گرفت و زەرەروزیانی زۆر كردووەتەوە.

زرار عەبدولكەریم
زرار عەبدولكەریم

زرار عەبدولكەریم، یەكێكی ترە لە  خاوەن ئاژەڵەكانی سنووری دەشتی كۆیە و دەڵێت: ئەو نەخۆشییە ڕووی لە مەڕ و ماڵاتی بەشێك لە خاوەن ئاژەڵەكان كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاژەڵەكانی ئێمە كەمن و زیاتر لە ماڵەوەن تا ئێستا ئەو نەخۆشییەیان نەگرتووە، بەڵام چەندین خاوەن ئاژەڵ دەناسم كە دەیان سەر ئاژەڵیان بەهۆی نەخۆشییەوە مردار بوونەتەوە، گەر حكومەت چارەسەر و دەرمانی پێویست بۆ خاوەن ئاژەڵەكان دابین نەكات، زیانی گەورە دەکەن، ئەمساڵیش ڤێتەرنەری هیچ شتێكی بۆ ئاژەڵەكان نەكردووە، نە كوتان و نە دابەشکردنی دەرمان.

دەشڵێت: پێشتر نزیكەی سێ سەد سەر مەڕ و بزنم هەبووە، بەڵام بەهۆی هاوكارینەكردنی حكومەت و زۆری خەرجی و گرانی ئالیك، بەشێكی زۆرم فرۆشتووە ئێستا نزیكەی پەنجا سەر بزنم ماوە، گەر ئاوا بڕوات ئەبێت ئەوانیش بفرۆشم.

لەسەر ئەم بابەتە پەیامنێری ڕۆژنیوز سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری كۆیە و بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵی كرد، هیچیان ئامادە نەبوون قسە بكەن.

بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست ڕۆژنیوز كەوتووە، بەشێك لە خاوەن ئاژەڵەكان لە كاتی نەخۆشكەوتنی ئاژەڵەكانیان بە نرخێكی هەرزان بە قەسابەكانی دەفرۆشن، قەسابەكانیش لە بازاڕدا ساغی دەكەنەوە، هەر بۆیە پەیامنێری ڕۆژنیوز پەیوەندی بە سەرۆكی لیژنەی تەندرووستیی كۆیەوە کرد بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بابەتە قسە بكات، بەڵام ئەویش ڕایگەیاند نایەوێت قسە بكات، لە كاتێكدا ئەو بەرپرسە لە هەر گۆشتێكی ناتەندرووست کە قەسابەكان بیفرۆشن.

شاهۆ فەتحوڵا
شاهۆ فەتحوڵا

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر هۆكاری نەخۆشییەکە و پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەو ئاژەڵانەی توشی نەخۆشی دەبن گۆشتەكەیان بۆ خواردن تەندرووست و شیاوە یان نا، ڕۆژنیوز سەردانی شاهۆ فەتحوڵا پزیشكی ڤێتەرنەری كرد، لەمبارەیەوە وتی: ئێستا چەند جۆرە نەخۆشییەكی كوشندە لەناو ئاژەڵاندا بڵاو بووەتەوە، وەكو نەخۆشی زمانە شینە و نەخۆشی لەرزەك و نەخۆشی دانكە و نەخۆشی تاعون، كە ئەمانە ترسناكن و ئاژەڵەكان دەكوژن یاخود مردار دەبنەوە، یان ئەو ئاژەڵانەی كە توشی هەر نەخۆشییەك دەبێتەوە زۆر لاواز دەبێت، ئەمەش زیانی زۆری ئابووریی لە خاوەن ئاژەڵەكان داوە.

وتیشی: ئەو ئاژەڵانە جگە لەوەی توشی نەخۆشی بوون لەوانەیە هەڵگری ڤایرۆسی گوازراوەش بن، هاوكات ئەو ئاژەڵانە دەرمانی زۆریان پێ دەدرێت، كە هەموو ئەوانە وا دەكەن گۆشتی ئەو ئاژەڵانە ناتەندرووست و نەشیاو بێت، بۆیە پێویستە خاوەن ئاژەڵەكانیش ئەو ئاژەڵانە سەر نەبڕن و دەرخواردی مرۆڤی نەدەن.

ئەو پزیشكە لەبارەی هۆکارەکانییەوە دەشڵێت: هۆكاری ئەو نەخۆشییانە بۆ شێوازی خواردن و بەخێوكردنی ئاژەڵ و  هاوكات نەكوتانیان دەگەڕێتەوە، هاوکات كوالێتی كۆنتڕۆڵ لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێکی نزم دایە، ئەو ئاژەڵانەی هاوردە دەكرێن نەخۆشن و هەڵگری ڤایرۆسی گوازراوەن، ئەمەش هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە.

ب.گ

Comments are closed.