لە سلێمانی کێشە و هۆکارەکانى منداڵانی نەبەکام خرایە ڕوو

سلێمانی

ئەمڕۆ، پانێڵێکی زانستی دەربارەی منداڵانی نەبەکام کە لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕ و تایبەتمەند بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر، کێشەکانی منداڵانی نەبەکام و هۆکارەکانی درووستبوونی منداڵی نەبەکام.

ئەمڕۆ، لە هۆتێل تایتانیک لە شاری سلێمانی، پانێڵێکی زانستیی دەربارەی منداڵانی نەبەکام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندرووستی سلێمانی بە هاوکاریی هەردوو نەخۆشخانەی (د.جمال احمد ڕشید و نەخوشخانەی منداڵبوون) لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕ و تایبەتمەند بەڕێوەچوو.

دکتۆر شلێر فایەق
دکتۆر شلێر فایەق

لە سەرەتای پانێڵەکەدا، دکتۆر شلێر فایەق، پسپۆڕی ژنان و مناڵبوون وتی: تەندرووستی دایکان و منداڵان یەکێکە لە گرنگییەکانی وڵات، ڕێژەی منداڵانی نەبەکام ساڵ بە ساڵ ڕوو لە زیادبوون دەکات، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە چەندین بەشی نوێ کراوەتەوە تایبەت بەمنداڵان و بەم جۆرە ڕووبەڕووی ئەم حاڵەتانە دەبینەوە و بە هەوڵی هەمووان کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنی.

ئاماژەی بەوەشدا، بەشێک لەو کێشانەی کە دەبێتە هۆی درووستبوونی منداڵانی نەبەکام، زۆری کێشەکان پەیوەستە بە دایک، تەمەنی هەڵکشاو بۆ منداڵ بوون و تەمەنی کەمی بۆ منداڵ بوون و  نەخۆشبوونی دایک بە تایبەت نەخۆشی شەکرە، ئەم حاڵەتانە هۆکارن بۆ زۆربوونی درووستبوونی منداڵانی نەبەکام.

هاوکات دکتۆر ئاسۆ فایەق پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان باسی لەوە کرد، ئێمە وەک بەشی دڵ کێشەکانمان زۆرە لە منداڵانی نەبەکام، ئەگەر باسی ڕێژەکە بکەین منداڵێک لەدایک بێت لە ٪١٠ ی هەموو نەخۆشییەکانی نەخۆشی دڵە، بەڵام لە منداڵانی نەبەکام ئەگەر ٢٨ حەفتە بێت لە ٪٦٠ی منداڵەکان هەڵگری ئەم نەخۆشییەن، ئەگەر ٢٤ حەفتە بێت لە ٪٩٠ی منداڵەکان هەڵگری ئەم نەخۆشییەن، هەروەها بەپێی سەرژمێرییەکان بێت ئەو مداڵانەی نەبەکامن دوو هێندە نەخۆشی زکماکی دڵیان هەیە.

هەروەها دکتۆر ئالان عبدللە عبدرحمان پسپۆڕی منداڵان و منداڵانی نەباکام، دەربارەی منداڵانی نەبەکام، ڕێژەکەی زۆرترە لە چاو جاراندا، ئەگەر هەوڵی چارەسەرکردن و توانامان زیاتر و باشتری نەکەین ئەوە کارەساتی لێ دەکەوێتەوە، لە عێراقدا زۆرترین ڕێژەی ژیانەوەی منداڵانی نەبەکام لە سلێمانیدا دەکرێت، ژیانەوەی منداڵانی نەبەکام داهاتێکی زۆری دەوێت و کاری زۆر دەوێت، هەروەها کێشە تەندرووستەکانیان زیاتر دەبن، بە تایبەت کێشەی مێشک و دەمار.

منداڵی نەبەکام، ئەو منداڵانەن کە پێش کاتی خۆیان و بەر لە تەمەنی ٣٧ ھەفتە لەدایک دەبن، بە وتەى پزیشکان دەشێت زۆر گرفتیان ھەبێت، سییەکانیان تەواو درووست نەبووە، بۆری نێوان دوو خوێنبەرە سەرەکیکەی دڵ تێکەڵن.

تووشبوون بە هەوکردنی خوێن، خوێنبەربوونی ناو مێشک، کێشەی شیرخواردن و مردنی خانەکانی ڕیخۆڵە، هەناسە وەستان، تێکچوونی تۆڕی چاو، کەم خوێنی.

هـ.ح

Comments are closed.