تاژێ: تا زانیاری لەبارەی ڕێبەرمان وەرنەگرین ناسرەوین

ناوەندی هەواڵەکان

بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) داوای لە گەلی کورد کرد، تا وەرگرتنی زانیاری لەبارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نەسرەون.

بوومەلەرزەکەی دەریای مەڕمەڕە نیگەرانییەکان لەسەر دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی زیاتر کردووە، نزیکەی سێ ساڵە هیچ هەواڵێکی نازانرێت و تاژێ داوا دەکات، دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ساز بکرێت تا گەل لە دۆخەکەی ئاگادار بکرێتەوە.

شەمێ ڕەمۆ، لەژێر ناوی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لە شارەدێی سنونێی شنگال کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ساز کرد و لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، دەوترێت بوومەلەرزە لەو شوێنە ڕووی داوە کە ڕێبەرایەتی تێیدا زیندانییە، ئەوەش نیگەرانییەکانی ئێمەی لەبارەی دۆخی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر کردووە.

دەشڵێت: لەسەر ناوی ژنانی ئێزدی داوا لە سی پی تی دەکەین کە بە زووترین کات، دیدار لەگەڵ ڕێبەرایەتی ساز بکەن و گەل لە دۆخەکەی ئاگادار بکەنەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئێستا دۆخی ڕێبەرایەتی لە مەترسیدایە، ئەو دۆخە مایەی قبووڵ کردن نییە، لەبەر ئەوە ئێمە داوا لە سەرجەم گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستان دەکەین، تا زانیاری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ وەرنەگیرێت، نەسرەوین و بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان.

کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە بە دروشمەکانی “بژی سەرۆک ئاپۆ” و “بێ سەرۆک ژیان نابێت” کۆتایی هات.

ر.س

Comments are closed.