کەسایەتییەکی ئایینی شیعە مەزهەب لە بەغدا کوژرا

ناوەندی هەواڵەکان

ئێوارەی ئەمڕۆ لە باکووری بەغدا ژمارەیەک چەکداری نەناسراو، دەستڕێژی گوللەیان لە کەسایەتییەکی ئایینی شیعە کرد و لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی زانیاری دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، چەکدارەکان لەسەر ماتۆڕسکیلێکەوە لەنزیک پردی هەڵواسراوی باکووری بەغدا، دەستڕێژی گوللەیان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاهۆ کردووە، کە کەسایەتییەکی ئایینی شیعەکانی تێدا بووە، دەستبەجێ ئەو کەسایەتییە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی زانیاریی میدیا عێراقییەکان، فازڵ مەرسومی، سەرۆکی حیزبی “داعی ئەلرەبانی” کەسایەتییەکی ئایینی شیعەیە لەو ڕووداوەدا گیانی لەدەستداوە و جگە لەو، چوار لە هاوکارەکانی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون و یەکێک لە هاوکارەکانی گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەیان بریندارن.

سەرۆکی حیزبی “ئەلداعی ڕەبانی” تەمەنی ٥٦ ساڵە و بە یەکێک لە کەسایەتییە ئایینییەکانی ناو شیعە دادەنرێت و بکەرانی ئەم ڕووداوە بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهاتوون و تا ئێستا هێزەکانی عێراق هیچ زانیارییەک لەبارەی دەستگیرکردنیان بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام هێزێکی ئەمنی چوەتە شوێنی ڕووداوەکە، لەئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان کردووەتەوە بۆ دیاریکردنی بارودۆخی تاوانەکە و دەستگیرکردنی ئەو چەکدارانەی تەقەیان کردووە.

ر.س

 

Comments are closed.