کۆڵبەرێکی کورد لە هەورامان تەقەی لێدەکرێت و نازانرێت کێ لێی بەرپرسە

ناوەندی هەواڵەکان

ئێوارەی دوێنێ کۆڵبەرێکی دانیشتووانی جوانڕۆ، لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە ناوچەی دزاوەری سەر بە شارەدێی تەوێڵە بریندار کرا و هەر یەک لە پاسدارانی ئێران و پاسەوانانی سەر بە عێراق لەو ڕووداوە تۆمەتبار دەکرێن.

دوێنێ ئێوارە مزەفەر نازدار کە کۆڵبەرێکی دانیشتووی جوانڕۆیە، لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە ناوچەی دزاوەری سەر بە شارەدێی تەوێڵە بریندار کرا و سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوە، کۆڵبەرەکە هێزەکانی پاسەوانی سەر بە عێراقی بە ئەنجامدانی ڕووداوەکە تۆمەتبار کردووە، بەڵام هێزەکە ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، کۆڵبەرەکە ناوی مزەفەر نازدار مەحمودییە و تەمەنی ٤٣ ساڵە و دانیشتووی شارۆچکەی جوانڕۆیە، دوێنێ لە کاتی کۆڵبەریدا لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە کەوتووەتە بۆسە و گوللەیەک بەر شانی کەوتووە، دواتر لە مەڵبەندی تەندروستی شەهید نیازی لە تەوێڵە و بە هەماهەنگی هێزەکانی ئاسایش، گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە بۆ چارەسەرکردن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە دەنگی ئەمریکا ڕاگەیاند، کۆڵبەرەکە لە کاتی گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە ئاماژەی بەوە کردووە، بە گولەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بریندارکراوە.

هێزەکانی پاسەوانی سنوور کە ئەرکی پاراستنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان لە ئەستۆدایە، سەر بە حکومەتی عێراقن و پێکهاتوون لە چەند لیوایەکی پۆلیس و لەو بارەیەوە عەمید حەسەن حەمید، ئامر لیوای ٢١ی پاسەوانی سنوور بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوە، لە دیوی ئێرانەوە کۆڵبەرەکان کەوتوونەتە بۆسە و خۆیان هاتوونەتە کەمینەکانی ئێمە و وتویانە “ئێران تەقەیان لێکردوون” و داوایان لێکردووین بیانبەینە نەخۆشخانە، هێزەکەی ئێمە تەقەی لە کەس نەکردووە.

ئەو بەرپرسەی پاسەوانی سنوور دەشڵێت، بریندارەکە لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوورەوە لە تەوێڵەوە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە، لەلای پۆلیسەکانی ئێمە وتویەتی “ئێران تەقەی لێکردوون”، بەڵام لە نەخۆشخانە لەلای پۆلیسی نەخۆشخانە وتوویەتی “پاسەوانی سنوور تەقەی لێکردووین”، لە کاتێکدا ئێمە دڵنیایی دەدەین، یەک فیشەک لەلای ئێمەوە نەتەقیوە، چونکە ئێمە ئەگەر تەقە بکەین، تەقەی هەوایی دەکەین.

لەو چوارچێوەیەدا موقدەم بارزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دۆخی تەندروستی کۆڵبەرەکە جێگیرە و دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە لە بنکەی پۆلیسی تەوێڵە کراوەتەوە، بەبێ ئاشکرا کردنی هیچ زانیارییەکی دیکە لەسەر ڕووداوەکە.

ئەمە لە کاتێکدایە بەشێک لە هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە کۆڵبەری دەکەن، بەردەوام دەکەونە بەردەم تەقەی هێز و گرووپەکانی سەر سنوور، بەگوێرەی ئامارەکانی پێگەی کۆڵبەر نیووز، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بەهۆی تەقەوە ٨٥ کۆڵبەر لە شارەکانی (سەقز، پیرانشار، بانە، سەردەشت، مەریوان، پاوە، جوانڕۆ، سەلاس و باوەجان) گیانیان لە دەست داوە و برینداربوون.

ر.س

Comments are closed.