ڕۆژنامه‌نووسانی گه‌رمیان: ڕفاندنی سلێمان ئه‌حمه‌د دژی ئازادییە

گەرمیان

ماوه‌ی ٤٦ ڕۆژه‌ سلێمان ئه‌حمه‌د، ڕۆژنامه‌نووس و هه‌واڵسازی به‌شی عه‌ره‌بی ئاژانسی (ڕۆژنیوز)  له‌ لایه‌ن ئاسایشی په‌ده‌كه‌وه،‌ ڕفێندراوه‌ و هیچ زانیارییه‌ك له‌بارەیەوە نییە، ڕۆژنامه‌نووسانی گه‌رمیانیش ده‌ڵێن: ده‌ستگیر كردنی ڕۆژنامەنووسێکی كوردی پارچه‌یه‌كی تری کوردستان لەهەرێم كه‌ به‌شوێنی خۆی ده‌زانێت، عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

٤٦ ڕۆژە سلێمان ئه‌حمه‌د، هه‌واڵسازی به‌شی عه‌ره‌بی ئاژانسی(ڕۆژنیوز) لەلایەن پەدەکەوە لەدەروازەى سنووری فیشخابوور ڕفێنراوە و بێسەرو شوێنکراوە، ڕفاندنی سلێمانی ئەحمەد لەکاتێکدا بووە کە لە پرسەى باوکی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ باشووری کوردستان بۆسەر ئەرکەکەی گەڕاوەتەوە، دوای شەش ڕۆژ ئاسایشی دهۆک دانی بەوەدان کە ئەوان ڕفاندوویانە بەتۆمەتى ئەوەى کە کاری بۆ پەکەکە کردوە، لەکاتێکدا ئەو تەنیا هەواڵسازی ئاژانسەکەمانە.

ڕۆژنامەنووسانى گەرمیان ئیدانەى ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنى سلێمان ئەحمەد دەکەن و بۆ ڕۆژنیوز قسە لەسەر ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان و ڕفاندنى سلێمان ئەحمەد دەکەن.

ئازاد عوسمان
ئازاد عوسمان

ئازاد عوسمان، ڕۆژنامه‌نووس به‌ ئاژانسی ڕۆژنیوزی وت: ده‌ستگیركردنی هه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێك كارێكی قبووڵ نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ سلێمان ئه‌حمه‌د كراوه‌ جۆرێكه‌ له‌ ڕفاندن، ڕێگه‌ نه‌دانیش به‌ كه‌سوكار و هاوڕێیانی بۆ ئه‌وه‌ی بیبینن، ئه‌وه‌نده‌ی تر گومان له‌ سه‌ر كه‌یسه‌كه‌ دروست ده‌كات، به‌ داخه‌وه‌ زۆر جار ته‌سفییه‌ سیاسییه‌كان له‌ ڕێگه‌ی ڕۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ ده‌كرێت.

وتیشی: له‌ ڕاستیدا ڕێگه‌ نه‌دان به‌ ڕۆژنامه‌نووس بۆ به‌ جێگه‌یاندنی كاره‌كانی، یه‌ك په‌یامی هه‌یه،‌ ئه‌ویش په‌یامی ترس و تۆقینه‌ له‌ ڕۆژنامه‌نووس و پیشه‌ی ڕۆژنامه‌وانی، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ فشۆڵه‌، به‌ كه‌مترین پیشاندانی ڕاستی ده‌كه‌ونه‌ زه‌ل زه‌له‌.

ئازاد عوسمان بە پێویستی دەزانێت‌ ده‌ستبه‌جێ سلێمان ئەحمەد ئازاد بكرێت و ئه‌و پاساوانه‌ی هه‌یه‌ له‌ سه‌ری هه‌ڵبگیرێن، دەشڵێت: ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ ده‌یه‌وێت به‌رگێكی یاسایی بكاته‌ به‌ر ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكات، بۆیه‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ده‌یخاته‌ پاڵ ڕۆژنامه‌نووسان وه‌همین و ده‌یه‌وێت ته‌سفییه‌ی رۆژنامه‌نووسان بكات.

دڵشاد ئه‌نوه‌ر
دڵشاد ئه‌نوه‌ر

دڵشاد ئه‌نوه‌ر، ڕۆژنامه‌نووسێكی تری گه‌رمیانه‌ و دەڵێت: له‌ كاتێكدا یادی  شه‌هید كاوه‌ گه‌رمیانی ده‌كه‌ینه‌وه‌، هێشتا فشار و هه‌وڵه‌كان بۆ كپ كردنی ده‌نگی رۆژنامه‌نووسان به‌رده‌وامه‌، ئێستا كۆمه‌ڵێك چالاكوان و ڕۆژنامه‌نووس له‌ بادینان زیندانیكراون، هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌نووسێكی تریش كه‌ له‌ پارچه‌یه‌كی تری كوردستانه‌وه‌ هاتووه‌ بۆ كاری رۆژنامه‌نووسی ده‌ستگیركراوه‌ و تۆمه‌تی جیاوازی بۆ داتاشراوه‌.

وتیشی: ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌یكات ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی كپكردنی ده‌نگه‌ ئازاده‌كان و هیچ ده‌رسێكیان له‌ ڕابردوو وه‌رنه‌گرتووه‌، هه‌ركات ڕۆژنامه‌نووسێك تیرۆر كراوه‌ ڕۆژنامه‌نووسێكی تر ده‌نگی هه‌ڵبڕیوه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌ هه‌ند وه‌رناگرێت، هه‌رئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێگه‌ی لاواز بێت.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ده‌سه‌ڵات كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئازاد هه‌یه‌، ده‌ستگیر كردنی كوردی پارچه‌یه‌كی تر لێره‌ كه‌ به‌ شوێنی خۆی ده‌زانێت، عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ به‌ ڕووخساری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، تۆمه‌ت داتاشین هه‌وڵێكی نه‌زۆكه‌ و خه‌ڵك باوه‌ڕی پێناكات، ڕه‌نگه‌ بتوانن ڕۆژنامه‌نووسێك ئازار بده‌ن، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌ دڵی ئه‌وان نابێت.

هـ .ح

Comments are closed.