” ئێمە قەرزداری پەکەکەین کە بۆ ئازادیی هەموو کورد خوێنی خۆی فیدا دەکات”

باران گەرمیانی

پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوور، ٤٥مین ساڵیادی پەکەکە پیرۆز دەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە شۆڕشی پەکەکە بۆ هەموو گەلانی بندەستە، بە شەو و ڕۆژ دەمانپارێزن و بۆ بە دەست هێنانی مافەکانمان تێکۆشان دەکات، دەشڵێن: ئێمە قەرزداری پەکەکە و گەریلاین، کە بە شەو و ڕۆژ لەسەر چیاکان دەمانپارێزن.

پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨، بە ڕابەرایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دامەزرا، هەر زوو خەباتی خۆی بەرفراوان کرد و ئێستا لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، لە پێناو ئازادیی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەدا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت، بە ڕووحی عەگید  و زیلانەکان لە بەهێزترین تێکۆشانی خۆیدایە بۆ گەلی کورد.

لە بارەی ٤٥مین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە و تێکۆشانی بۆ هەموو گەلانی بن دەست، پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوور بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

جەمال حەسەن
جەمال حەسەن

جەمال حەسەن خەڵکی کانتۆنی کۆبانێیە لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئێستا دانیشتووی شاری سلێمانییە و وتی: ٤٥مین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە لە ڕێبەر ئاپۆ، گەلی کورد و گەریلا پیرۆز دەکەم، ئەم شۆڕشە لەسەر خوێنی شەهیدان دروست بووە، بۆیە ئێمە ئەم ڕێبازە بەردەوام دەکەین و ئامانجی شەهیدان پێکدەهێنین.

وتیشی: شۆڕشی پەکەکە بۆ هەموو گەلانە، بۆ هەر گەلێکی بندەستە لە هەر جێیەکی جیهان هەبێت، شۆڕشی هەر چوار پارچەی کوردستانە، گەریلا بۆ ئەم خاکە بەبێ بەرامبەر گیانی خۆی فیدا دەکات، ئێمە قەرزداری پەکەکە و گەریلاین، کە بە شەو و ڕۆژ لەسەر چیاکان دەمانپارێزن.

داواشی لە گەنجان کرد بەشداری پەکەکە و تێکۆشانی گەنجان ببن، کچ و کوڕان چییان لەدەست دێ بیکەن، پارێزگاری لە زمان و شووناس و کەلتووری خۆیان بکەن، چونکە ڕێبازی گەریلا ڕێبازێکی ڕاست و تێکۆشانییە، لە هەر شوێنێک گەلی کورد هەوڵی لەناو بردنی بدرێت گەریلا پارێزگاری لێ دەکات.

لیلاڤ حسێن
لیلاڤ حسێن

هەروەها لیلاڤ حسێن، پەنابەرێکی دیکەی خەڵکی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە و لە سلێمانی دەژی و دەڵێت: دامەزراندی پەکەکە پیرۆز دەکەم لە سەرۆک ئاپۆ، هەموو هێزەکانی هەر چوار پارچە کە بەرگریی لە خاک دەکەن.

وتیشی: پەکەکە بۆ بەدەست هێنانی مافی کورد تێکۆشانی خۆی دەکات، دەیەوێت زمان و ژیانمان ئازاد بێت.

هەرچەندە فشارەکان بۆ بێکاریگەرکردنی پەکەکە بەردەوامە و لەو کاتەوەی کە دامەزراوە هەمیشە پیلانگێڕی لە دژی بەڕێوەدەچێت و هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت، بەڵام بە ڕۆحییەتی عەگید و زیلانەکان درێژەی بە تێکۆشانی خۆی داوە و ساڵانە بە هەزاران کەس بەشداری ڕیزەکانی گەریلا دەبن.
هـ.ح

Comments are closed.