هاوڵاتییەک ١٨ ساڵە سەرقاڵی خزمەتکردن و سەوزکردنى گوندەکەیەتى

سەیدسادق

هاوڵاتییەکەى گوندی گامێش تەپەی سەر بە شارۆچکەی سەیدسادق بووەتە نموونەیەکى سەرنجڕاکێش، بەهۆی ئەو خزمەتەى بە ماڵەکەی و  ژینگەى گوندەکەى کردوە، لەو ڕێگەیەشەوە پەیامێکی ژینگەیی هەیە و هەمووان چاو لەو بکەن بۆ خزمەتکردن وسەوزکردنى ژینگەی کوردستان.

گوندی گامێش تەپە یەكێكە لە گوندەكانی سنووری شارۆچكەی سەیدسادق، دانیشتووانەكەی نزیكەی ١٥٠ ماڵە، خەڵكی گوندەكە بە هەموویانەوە گرنگی تایبەت بەپاك ڕاگرتنی ژینگە و زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی گوندەكەیان دەدەن، دەیانەوێت هەمووان بێ جیاوازی خزمەتی ژینگە بكەن.

تەها حەمەڕەشید
تەها حەمەڕەشید

تەها حەمەڕەشید هاوڵاتییەکی گوندەکەیە، ماڵەكەی ڕووبەرێكی زۆر سەوزایی تێدا دروستكردووە، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە لەلایەن ئەنجوومەنی گوندەكەیەوە لە پاى ئەو گرنگیدانەى بەژینگە هەیبووە.

ئەو هاوڵاتییە باس لەوە دەکات، باخەكەی لەدۆنمێك كەمترە حەوت جۆری ترێ، هەموو میوە مزەرەمەنیەكانی وەك گریفور لیمۆ پرتەقاڵ لالەنگی، پرتەقا،  لیمۆ بەسراوی، قۆخ قەیسی هەڵوژەو هەنجیر، هەنارو گوێز و زەیتونی هەیە، جگە لەوەش ٢٥ جۆری گوڵەباخیشی هەیە.

تەها حەمە ڕەشید بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: سەرەكیترین شت لای من ژینگەیە، ئەگەر پاراستنی ژینگەو سەوزایمان هەبێت، ژیانمان زۆر تەندروست دەبێت، كاتێكیش دێمە ناوباخ و سەوزاییەكە لە ماڵمدا، مێشكم ئیسراحەت دەكات، لەگەڵ دارەكانیش ڕۆژانە بەمێشك وتوێژ دەكەم، سەرچاوەی ژیان لای من ئەوەیە ژینگە پارێزبیت.

ئەو هاوڵاتییەی گوندی گامێش تەپە کە لە گوندەکەیدا بە مام تەها بانگ دەکرێت و ناسراوە، ڕوونیدەکاتەوە کە ئەو هەر لە تەمەنی منداڵییەوە حەزی لە سەوزایی و گرنگیدان بە ژینگە هەبووە، وەک خۆی دەیڵێت: چەندە حەز و ئامانجی ئەوە بووە گرنگی بە ماڵەکەى بدات و سەوزی بکات و بیپارێزێت، ئەوەندەش ئامانجی گرنگیدان بووە بە گوندەکەی و سەوزایی لێناشتووە.

لە کۆتایشدا تەها حەمە ڕەشید دەڵێت: سەرەڕای دەوامكردنی خۆم، كاتێك لە ماڵەوە نیم، خێزان و منداڵەكانم سەرقاڵی باخەكەن، خۆشم ڕۆژانە بەردەوام خەریكی جوانكردنی  دەبم،  ماوەی ١٨ ساڵیشە خەریكی زیادكردنی سەوزایم لە ماڵەكەمدا، دەمانەوێت بەم شێوەیە بە خەڵكی بڵێین، ئێمە ژینگە پارێزین پێویستە هەموومان خزمەتی ژینگە بكەین پاك ڕایبگرین.

هـ .ح

Comments are closed.