ژمارەی قوربانیانی کەرتی غەزە لە ٦٤ هەزار کەس نزیک دەبێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

ژمارەی قوربانیانی کەرتی غەزە بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە، ڕووی لە هەڵکشان کردووە و بەپێی نوێترین ئاماری تەندروستیی غەزەش، ژمارەی کوژراو و برینداران لە ٦٤ هەزار کەس نزیک دەبێتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

ئەمڕۆ ئەشرەف قودرە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەزە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەپێی نوێترین ئاماری تۆمارکراو، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەزە بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە، گەیشتە ١٧ هەزار و ٤٨٧ کەس.

وتیشی: ژمارەی بریندارانی کەرتی غەززە بۆ ٤٦ هەزار و ٤٨٠ کەس بەرز بووەتەوە، کە بەشی زۆریان برینەکانیان سەختە و بەهۆی نەبوونی شوێن لە نەخۆشخانەکان و کەمیی پێداویستی پزیشکی، لە ڕەوشێکی خراپدان.

ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی کوژراو و برینداران ژن و منداڵن، کە ڕێژەی ٧٠٪ی کۆی قوربانییەکان پێک دەهێنن.

سوپای ئیسرائیل دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستی مرۆیی نێوانیان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، هێرش و بۆردوومانەکانی بۆسەر کەرتی غەزە لە باکوور و باشووری ئەو شارە چڕتر و فراوانتر کردووەتەوە، بە تایبەتی شاری خان یوونس کە بە هۆییەوە هەزاران کەس لە دانیشتووانەکەی بەرەو شاری ڕەفەح هەڵاتوون.

ر.س

Comments are closed.