“ئەگەر بە گونجاو بزانرێت دەتوانرێت سەردانی ئیمرالی بکرێت”

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی هەدەپ سەبارەت بە دۆخی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، داوایان لە کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی تورکیا کرد و کۆمیسیۆن وەڵامی داواکەی پەرلەمانتارانی دایەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر “بە گونجاو بزانرێت”، دەتوانرێت سەردانی ئیمرالی بکرێت.

پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ)، داواکارییەکیان بەرز کردەوە بۆ کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی مافی مرۆڤی تورکیا سەبارەت بە بارودۆخی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، کە لە زیندانی جۆری ئێفی ئاسایشی باڵای ئیمرالی لە ژێر گۆشەگیرییەکی تونددایە و بۆ ماوەی ٣٣ مانگە هیچ زانیارییەکیان پێنەگەیشتووە.

لە داواکارییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە گۆشەگیریی ڕەها لە ئیمرالی بەردەوامە، زیندانەکەش بەڕووی کۆمیسیۆن داخراوە و پێویستە دەستبەجێ سەردانی بکرێت و بنەماڵە و پارێزەران و وەفدێکی سیاسی سەردانی بکەن.

کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمان، وەڵامی داواکارییەکەی ئەمڕۆی دایەوە، ڕایگەیاند کە داواکارییەکە لەبەرچاو گیراوە و داوای زانیاری لە وەزارەتی داد و بەڕێوەبەرایەتی گشتی زیندانەکان کراوە بۆ وەرگرتنی وەڵامی سەردانیکردنی شاندێک بۆ ئیمرالی.

هەروەها لە وەڵامی کۆمیسیۆنەکەدا هاتووە، دەکرێت دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکانتان بکرێت، لەلایەن کۆمیسیۆنی لاوەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە مافەکانی زیندانییەکان، ئەگەر لەلایەن کۆمیسیۆنی لاوەکییەوە وەک شاندێک گونجاو بێت، ئەوا لە لەلایەن لیژنەکەوە پێداویستییەکانی سەردانەکە تۆمار دەکرێت.”

ر.س

Comments are closed.