ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگیدا بە ڕاگرتنی جەنگ لە غەزە

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هیچ ڕێگایەک نییە بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە غەزە و هیچ شوێنێکی غەزەش سەلامەت نییە، هۆشداریدا لە داڕمانی تەواوەتی سیستەمی پشتیوانی مرۆیی لەو شارەدا.

ئەمشەو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەنگیدا لەسەر داواکاری ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەزە و ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، سەرۆکی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا، لە داڕمانی سیستەمی پشتیوانی مرۆیی لە کەرتی غەزە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ٨٥٪ـی دانیشتووانی کەرتی غەزە، ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و بەبێ پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان کۆچی بە کۆمەڵ بکەن بەرەو وڵاتی میسر.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە مەترسی لەسەر فەرمانبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە غەزە دروست بووە، زیاتر لە ١٣٠ کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شەڕەکەدا کوژراون.

باسی لەوەش کرد، نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندە بە بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ دانیشتووان، هەرچەندە ئەو سنووردارکردنانەی ئیسرائیل لە غەزە سەپاندوویتی، کارەساتی مرۆیی دروست کردووە، بە هۆییەوە ڕێکخراوەکان ناتوانن وەک پێویست پێداویستییە مرۆییەکان بگەیەنە دەست ئەو کەسانەی ماڵەکانیان بە تەواوی ڕووخاون.

لای خۆیەوە، ڕیاز مەنسور، نوێنەری فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، کە ئیسرائیل پلانی پاکتاوی نەتەوەیی لە غەزە داڕشتووە و ئامانجی لێسەندنەوەی موڵک و ماڵی خەڵکی فەلەستین و ئاوارەکردنی زۆرەملێی هەیە.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، کە هیچ شتێک پاساو نییە بۆ ئەو دڕندەیییانەی ئیسرائیل بەرامبەر فەلەستینییەکان ئەنجامی دەدات، داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، کار بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بکات و ڕەتکردنەوەی هەر بانگەوازێک بۆ ئاگربەست لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، بە مانای ڕەتکردنەوەی جینۆساید و کوشتنی خەڵکی مەدەنی دابنرێت.

ر.س

Comments are closed.