مامۆستایانی وانەبێژ: ڕۆژی یەکشەممە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجام نادەین

ناوەندی هەواڵەکان

مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا پلانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانیان ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنن، ڕۆژی یەکشەممە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجام نادەن، بەڵکوو سبەینێ لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی کۆدەبنەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی داوا لە سەرجەم ئەو مامۆستایانە دەکات کە کەمتر لە ١٢ بەشە وانەیان بۆ ماوەتەوە و شایستەی دارایی مانگی ئەیلوولیان وەرنەگرتووە، سبەینێ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی کۆدەبنەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەی گونجاو بۆ کێشەکانیان.

لە ڕاگەیەنراوی مامۆستایانی وانەبێژ هاتووە، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی١٢ی ٢٠٢٣ خۆپیشاندان لەبەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوا ئەنجام نادەین، بەڵکوو لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی کۆدەبینەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەسەر مامۆستایانی وانەبێژدا هاتووە.

دەشڵێت: بۆ پشتیوانی و چارەسەرکردنی کێشەی ئەو مامۆستایانەی لەناو شاری سلێمانی، کەمتر لە ١٢ بەشە وانەیان بۆ ماوەتەوە و شایستەی دارایی مانگی نۆیان بۆ سەرف نەکراوە، یان دوور خراونەتەوە لە قوتابخانە و خوێندنگەکانیان، سبەینێ کاتژمێر ٩ی بەیانی گردبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ و نوێنەرەکانیان لەبەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئەنجام دەدرێت، داوا لە هەموو ئەو مامۆستا وانەبێژانە دەکەین کە کێشەی لەم جۆرەیان هەیە لە کات و شوێنی دیاریکراودا ئامادە بن.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئامانج لە خۆپیشاندانەکە بۆ کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەکانیان.

ڕاشیگەیاندووە، گردنەبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممە و دانیشتن لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە، بە مانای شکانی بایکۆت و نەرمی نواندن نییە لە ئاست داوا ڕەواکانمان کە دامەزراندنە، بەڵکوو تەنیا دامەزراندن ناچاری چوونەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندنمان دەکات.

ئاشکرایان کردووە، هەفتەی داهاتوو پلانی نوێ بۆ کۆتاییهاتنی وەرزی یەکەم و پلانی بایکۆت بۆ وەرزی دووەم دەخەنەڕوو.

ر.س

Comments are closed.