ئەمریکا: ئەوانەى هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا دەبێت دادگایی بکرێن

ناوەندی هەواڵەکان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر هێرشەکان بۆ سەر باڵیۆزخانەى وڵاتەکەى لە بەغدا ڕایگەیاند، پێویستە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەو هێزە چەکدارانەی بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر کارمەندانی ئەمریکا لە عێراق دەستگیر بکەن و دادگایی بکرێن.

ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکانی دوێنێی گرووپە چەکدارە شیعەکانى عێراق بۆ سەر باڵیۆزخانەى وڵاتەکەى لە بەغدا بڵاوکردەوە.

ماتیۆ میلەر ڕایگەیاند، ئەمریکا بە توندی ئیدانەی هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هەروەها دامەزراوەکانی میوانداریکردنی کارمەندانی ئەمریکا دەکات.

وتیشی: پێویستە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕێوشوێنی گونجاو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو چەکدارانە بگرنەبەر و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە دەستگیر بکەن و دادگایی بکرێن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە، حکومەتی عێراق لەبارەى پاراستنی نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکان و کارمەندانی ئەمریکا پابەندبوونی خۆی ڕاگەیاندووە.

سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانى ئەمریکاش لە عێراق وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا جەختیکردەوە، کە هێزەکانمان لەسەر داوای عێراق لەو وڵاتەدا دەمێننەوە و پێویست ناکات دانوستان لەسەر ئەو بابەتە بکرێت.

دوێنێ گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە مووشەک هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هێرشەکە هیچ زیانێکی ماددی و گیانی نەبووە، هاوکات بنکەکانى ئەمریکا لە عەین ئەسەد و هەولێر چەند جارێک کرانە ئامانج.

هـ.ح

Comments are closed.