بنەماڵەکەی ژینا ئەمینی گەشتکردنیان لێ قەدە‌غە کرا

ناوەندی هەواڵەکان

دایک و باوک و براکەی ژینا ئەمینی، لە کاتێکدا ویستوویانە بەرەو فەڕەنسا گەشت بکەن بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پێدانی خەڵاتی ساخارۆڤ بە ژینا، لە فڕۆکەخانە پێیان ڕاگەیاندوون بۆیان نییە گەشت بکەن.

بەپێی ئەو هەواڵانەی میدیاکانی سەر بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، کە شەوی ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە، ئەمجەد ئەمینی، موژگان فخاری و ئەشکان ئەمینی، دایک و باوک و برای ژینا ئەمینی، لە کاتێکدا چوونەتە فڕۆکەخانەی خومەینی لە تاران، بە مەبەستی گەشتکردن بۆ فەڕەنسا و ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی پێدانی خەڵاتی ساخارۆڤ بە ژینا، پێیان ڕاگەیاندراوە گەشتکردنیان لێ قەدەغەکراوە و هاوکات دەستیشگیراوە بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا.

یەکێتی ئەورووپا ١٩ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ڕایگەیاند، کە خەڵاتی ساخارۆڤ دەبەخشێتە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادیی”.

ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادیی” لەلایەن سێ گرووپی پەرلەمانی ئەورووپا، پارتی گەلی ئەورووپا، گرووپی سۆسیالیست و دیموکراتەکان و گرووپی ئەورووپا نوێ بکەنەوە، کاندید کرابوون بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مافی مرۆڤی ساخارۆڤی یەکێتیی ئەورووپا.

خەڵاتی مافی مرۆڤی ساخارۆڤ، ساڵانە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە دەبەخشرێتە ئەو کەس یان گرووپانەی دژی ستەمکاریی دەوەستنەوە و بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین و بیرکردنەوە دەکەن.

ش. ئـ

Comments are closed.